زیاتر لە 83 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق بە سیستەمی غاز کار دەکەن

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو شوێنانەی وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی غازی شل بۆ ئۆتۆمبێلەکان دیارکراون گەیشتووەتە 159 شوێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنمار عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزاریی غاز لە وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: ژمارەی ئەو شوێنانەی وەزارەتی نەوت دیاریی کردوون بۆ دابینکردنی غازی شل بۆ ئۆتۆمبێلەکان، گەیشتووەتە 159 شوێن.
هەروەها ئەنمار عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە کردووه، ژمارەی ئەو شوێنانەی بە تەنیا لەلایەن کۆمپانیای پڕکردنەوە و خزمەتگوزاریی غازەوە دیاریی کراون، گەیشتووەتە 58 شوێن، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو شوێنانەی لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە تەرخان کراون، گەیشتووەتە 101 شوێن لەکۆی ژمارەی فرۆشگاکان.
هاوكات باس لەوە کراوە، کۆی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی له عێراق کە بە LPG کار دەکەن، گەیشتووەتە 83 هەزار و 213 ئۆتۆمبێل، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆی ژمارەی وەرشەی گۆڕینی ئۆتۆمبێل بۆ سیستەمی LPG گەیشتووەتە 26، كه هەشتیان لە بەغدان، لە کاتێکدا 18ـی دیکە لە سەرانسەری پارێزگاکانی دیكهن.