هەرێمی کوردستان و یونیسکۆ چەند خانوویێک لەسەر قەڵای هەولێر نۆژه‌ن ده‌كه‌نه‌وه‌

قەڵای هەولێر
قەڵای هەولێر

سەرۆکی بووژانەوەی قەڵای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسکۆ ڕێککەوتنێک بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار واژۆ دەکەن، بۆ ئەوەی چەند خانوویێک لەسەر قەڵای هەولێر بۆ مەبەستی گەشتیاریی نۆژەن بکرێنەوە.

بە ئامانجی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ڕێکخراوی یونیسکۆ لە بواری پەروەردە، زانست، که‌لتوور و شوێنە مێژووییەکان، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی بارەگای سەرەکی یۆنیسکۆ پاریس کراون، لەناو بارەگاکەدا ڕێوڕەسمێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیای کار و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ واژۆ کرا.

کۆمپانیای کار، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە، لە ساڵی 2014ـەوە لەگەڵ یۆنیسکۆ بەیەکەوە کار دەکەن بۆ بووژانەوەی قەڵای هەولێر.

یادگار محەممەد، بەرپرسی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی قەڵای هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنیسکۆ بە 10 ملیۆن دۆلار واژۆ دەکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای قوتابییان لە ڕووی گەشتیاری و شوێنەواری، هەروەها نۆژەنکردنەوەی چەند خانوویێک بە مەبەستی سوودوەرگرتن لێیان لە ڕووی گەشتیارییەوە.

یادگار محەممەد گوتیشی: ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ یۆنیسکۆ لەم بارەوە بەردەوام دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment