عێراق دەروازەی ڕەبیعەی هاوسنووری حهسهكه ناکاتەوە

حکوومەتی عێراق ڕەتی دەکاتەوە دەروازەی ڕەبیعە بکاتەوە، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگای نەینەوا پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
محەممەد هەریس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: حکوومەتی عێراقی کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعەی لەگەڵ سووریا ڕەت کردووەتەوە، چونکە لە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە.
محەممەد هەریس، گوتیشی: عێراق دەیەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی سووریا مامەڵە بکات و هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات بە مەبەستی بازرگانیکردن لە دەروازەکە و هاتوچۆکردن، داوای کردنەوەی دەروازەکەیان کردووە، بەڵام داواکەیان ڕەت کراوەتەوە.
لە دوای ساڵی 2017ـهوه، دەروازەی ڕهبیعە لە ژێر دەسەڵاتی تەواوەتی حکوومەتی عێراقدایە و بەداخراویش ماوەتەوە.
عێراق سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ وڵاتی سووریا هەیە لەوانە، دەروازەی قائیم و وەلید لە پارێزگای ئەنبار و دەروازەی ڕەبیعە له سنوورهكانی نهینهوا.