سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی پارکی زانست دادەنێت

دیزاینی پارکی زانست
دیزاینی پارکی زانست

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پارکی زانست Science Parkـی سەر بە ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی KII لە هەولێر دادەنێت.

ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان زادەی هزری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ هاندانی هاووڵاتییان، بەتایبەتی گەنجانی کوردستان، بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان هەبێت تاکوو بەدوای خەونەکانیان بکەون و کار و بازرگانیی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و بیر لە داهاتوویەکی باشتر بکەنەوە.

ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان ئەو شوێنەیە کە توێژینەوە و تازەگەری و کارسازی بە یەک دەگەن و گەشە دەکەن. لەم ئینستیتیوتەدا پاڵپشتی ئەو بیرۆکە و کۆمپانیایانە دەکرێت کە نیازی داهێنانیان هەیە، یان بیر لە بەگەڕخستنی تەکنەلۆجیایەکی نوێ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئابوورییەکی پایەدار و گەشەسەندوو لە کوردستان وەدی بهێنن کە تێیدا جێگەی تەکنەلۆجیا و بازاڕی کاری سەردەمیانە دەبێتەوە.

ئامانجی ئینستیتیوتەکە ئەو کارە تازانەن کە تێیایاندا خزمەتکردن بە مرۆڤ کڕۆکی بیرۆکەکەیە. بڕوامان وایە کە گرنگترینی سێکتەرەکان بۆ کاری نوێگەری لە چەند دەیەی داهاتوودا بریتین لە: 
-    وزەی نوێبووەوە
-    تەندروستیی
-    گواستنەوە
-    فاشن
-    تەکنەلۆجیای زانیاری و تەکنەلۆجیای خۆکار

هەروەها ئینستیتیوتەکە یارمەتی کارساز و داهێنەرە گەنجەکان بۆ داهێنان و نوێگەریی کوردستانە و هانی وەدیهێنانی جیهانێکی پەرەسەندوو دەدات لەلایەنەکانی بەڕێوەبردنی نوێگەریی، پەرەپێدانی بازرگانی و دروستکردنی تۆڕی نوێی پەیوەندی.

پارکی گەورەی زانستی بەڕووبەری نزیکەی 200 هەزار مەتری چوار گۆشە کە دەکەوێتە سەر شەقامی 150 مەترى هەولێر لە نێوان شەقامی کەسنەزان و پیرمام. 

لەنێو پارکەکەدا سێ باڵەخانەی گەورە لەشێوەی شاخ هەن، کە هەر یەکەیان سەربەخۆن بەڵام لەشێوەی زنجیرەی شاخ خۆیان دەنوێنن، هاوکات گرد و ڕووبار و سەوزاییەکەی فراوان هەیە کە دیمەنێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بە پارکەکە دەدەن.

پرۆژەکە بەسێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و بەمشێوەیە دابەشکراوە:

قۆناغی یەکەم: 68,000 دووجا
قۆناغی دووەم: 66,000 دووجا
قۆناغی سێیەم: 63,000 دووجا

باڵەخانەی science park به گشتیی پێکدێت لە تاقیگەی زانستی، شوێنی کارکردن (نووسینگە)، پێشانگە، هۆڵی گەورە بۆ سمینا ر کۆنفرانس، ڕێستۆرانت، هۆڵی وەرزشی، مەلەوانگە، دوکان، شوێنی ڕاهێنانی، پیشەیی، شوققە، پارکینگ و باخچەی دڵڕفێن.

پارکی زانست Science Park، لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکاندا ئەمشێوە پارکانە وەک ناوچەیەکی تایبەت بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دروستکراون، واتە ئیکۆسیستەمێکی تەواوە و هەموو پێداویستییەکانی نوێکاری و دامەزراندنی تێدایە.

ناوەندی چڕی توێژینەوە لە پارکی زانستیدا (Research Intensive Cluster): 

وەسفکردنی سیستمێکی زیندووە بۆ کارلێکاری لایەنە جیاوازەکان داڕێژراوە، کە لە ڕووی فیزیکییەوە نزیکن لە یەکتر و زانیاری و شارەزایی یەکتر تەواو دەکەن، بەجۆرێک کارلێکی نێوانیان هەماهەنگییەکی گەورە بۆ داهێنان دروست دەکات.

بەشێوەیەکی گشتیی ناوەندەکانی توێژینەوە لە پارکی زانستیدا نوێنەرایەتی هاوپەیمانیی سێلایەنە (Trip-Helix) دەکەن، واتە لایەنەکانی جیهانیی بازرگانی، خوێندنی باڵا و بەڕێوەبردنی گشتی، ئەم مۆدێلە نۆ ماوەیەکی دێژە توێژینەوەی لەسەر کراوە و سەلمێندراوە کە مۆدێلێکی زۆر بەهێزە و ئێستا لە هەموو جیهاندا جێبەجێ دەکرێت.

پارکی زانستی دەبێتە دەستپێشخەریی پشتگیریی بازرگانی و گواستنەوەی تەکنەلۆجیا بەمشێوەیە:

- هاندان و پشتگیریی دەستپێکردن و گەشەپێدانی ئەو بزنسانە دەکات کە لەسەر بنەمای داهێنان دامەزراون و گەشەیەکی بەرزیان هەیە.
- ژینگەیەک دابین کە تێیدا بازرگانی گەورەتر و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن کارلێکی تایبەت و نزیک لەگەڵ ناوەندێکی دیاریکراوی بەرهەمهێنانی زانین پەرە پێبدەن بۆ بەرژەوەندی هاوبەش.
- پەیوەندی فەرمی و کارپێکەری لەگەڵ ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی زانین هەیە، وەک زانکۆکان، پەیمانگە باڵاکان و ڕێکخراوەکانی .

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment