شەپۆلێکی بارانی چڕ سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە
بەرێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەپۆلێکی باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
فازڵ ئیبراهیم، بەرێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان لە بەیانییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دوو نزمە پاڵەپەستۆ کە یەکێکیان لە دەریای ناوەڕاستە و ئەوی دیکەیان لە دەریای سوورە.
ئاماژەی بەوەش دا، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، گوتیشی، نامانەوێت دڵەڕاوکێ بڵاوکەینەوە بەڵام ئەوەی هەیە حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەشوهەوایە، ئەویش هەندێک کات بارانەکە بەخوڕ دەبێت، هەندێک جاریش بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبێت.
فازڵ ئیبراهیم: گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەو شەپۆلە بارانە لە سبەی یەکشەممەوە دەستپێبکات تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، بەردەوام بێت، سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، هەروەها خێرای باش زیاد دەبێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.
بەرێوەبەری گشتیی کەشناسیی، باسی لەوەشکرد، سەرەتا ئەم شەپۆلە کاریگەرییەکانی لە سنووری پاریزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەردەکەوێت و دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوجەکانی دیکە، دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت زۆرترین دابارین لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە بێت.
فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت زۆرترین ڕێژەی باران لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی ئیدارەی گەرمیان ببارێت، دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر وەکو ناوچەکانی کۆیە و دەورووبەری.
ڕاشیگەیاند، پیشبینی دەکرێت بەفر لەو ناوچە شاخاوییانە ببارێت کە بەرزییەکەیان لە سەر ئاستی دەریاوە زیاتر لە دوو هەزار مەترە.
بەرێوەبەری کەشناسیی دەشڵێت: شەپۆلەکە بەم شێوەیە نابینین کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی دەوام، هەروەها پێشبینی دەکەین ڕێژەی باران لە مانگەکانی داهاتووش زیاتر بێت.
