حکوومەتی هەرێم زیاتر لە 112 ملیار دیناری بۆ پرۆژەی ئاوی بۆگد تەرخانکرد

دانیشتوانی کۆیە لە سێ سەرچاوە ئاوی خواردنەوەیان دەستدەکەوێت، یەکێکیان ئاوی بیرەکانە، ئەوەی دیکەیان پرۆژەی ئاوی تەق تەق-کۆیەیە و سێیەمیش پرۆژەی ئاوی بۆگد-تەق تەقە، بەڵام بەهەرسێکیان ناتوانن ئاوی پێویستی خواردنەوە بۆ کۆیە دابین بکەن.
لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە 112 ملیار دینار دا، بۆ ئەوەی هێڵی دووەمی پرۆژەی ئاوی بۆگد-کۆیە جێبەجێ بکرێت.
ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە گوندی بۆگد، لە دووری 35 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆیە، پرۆژەکە لەسەر زێی بچووک جیبەجێدەکرێت، کە ئەم پرۆژەیە دەتوانێت دوو هێندەی هەردوو پرۆژەکەی دیکە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی کۆیە دابین بکات. کە لە کاتژمێرێکدا توانای دابینکردنی 3000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.
پرۆژەکە گرفتەکانی ئێستا و داهاتووی کۆیە چارەسەر دەکات، واتە ڕەچاوی فراوان بوونی کۆیەش کراوە، چونکە ژمارەیەک گەڕەک لە کۆیە دروست بوون تاوەکوو ئێستا هێڵی بۆری ئاویان نییە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیەش ناتوانێت ئاویان بۆ دابین بکات.
جگە لەوەش سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕزامەندی داوە لەسەرتەرخانکردنی شەش هەزار پارچە زەوی بۆ شەش هەزار فەرمانبەرانی کۆیە، کە لەداهاتوودا ئەم گەڕەکانەش گرفتی ئاوی خواردنەوەیان دەبێت و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیەش ناتوانێت ئاویان بۆ دابین بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پاریزگای هەولێر، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت چارەسەری ئاوی خواردنەوەی کۆیە بۆ 30 تا 40 ساڵی داهاتوو بکات.