سێنتکۆم: داوا لە حەماس دەکەین دەستبەجێ توندوتیژی دژی غەزەییەکان ڕابگرێت

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) داوا لە حەماس دەکات پابەندی ئاگربەستی غەززە بێت و هاووڵاتییانی مەدەنی فەڵەستینی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و ئیسرائیل نەکەنە ئامانج.
چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوەو تێیدا ئاماژەی داوە، "بە توندی داوا لە حەماس دەکەن دەستبەجێ توندوتیژی و تەقەکردن لە هاووڵاتییانی بێتاوانی فەڵەستینی لە غەززە لە هەر دوو ناوچەکانی ژێر دەستی خۆیان و هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ڕابگرێت.
کۆپەر دەشڵێت: ئەو ئاگربەستەی کراوە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی، بۆیە پێویستە حەماس ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە پابەندی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و چەکدانان ببێت، بەبێ دواکەوتن.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئاماژەشی بەوە داوە، نیگەرانییەکانی خۆیان لەو بارەوە گەیاندووەتە وڵاتانی نێوەندگیر کە بە جێبەجێکردنی ئاشتی و پاراستنی هاووڵاتییانی بێتاوانی غەززە ڕازی بوون لەگەڵمان کار بکەن؛ هاوکات دەشڵێت: ئێمە بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا زۆر گەشبینین."
دوێنێ سێشەممە حەماس گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کەناڵە فەرمییەکەی خۆیدا بڵاو کردبووە تێیدا، هەشت کەس کە چاویان بەسترابوو، تەقەیان لێ دەکرێت و بە "یاساشکێن" تۆمەتباریان کردبوو.
لەو بارەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی فەلەستینی لە غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو: "پەیامی ئێمە ڕوونە، کە هیچ جێگەیەک بۆ یاساشکێنان و ئەوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییان دەکەن نابێتەوە."هەروەها لە باکووری کەرتی غەززە، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری غەززە، ژمارەیەک چەکداری حەماس بە شەقامەکان بڵاو بوونەتەوە.
هەروەها دوێنێ، ترەمپ، هۆشدارییەکی توندی دایە حەماس و گوتی: ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە چەک دانەنێت، چەکییان پێ دادەنێین.
دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاگربەستی غەززە لەلایەن هەر یەکە لە ئەمەریکا، قەتەر، تورکیا میسر، لە شەرم شێخ واژۆ کرا و سەرۆکی ئەمەریکا دوای واژۆکردنەکە گوتی؛ قۆناغی دوواتر بنیاتنانەوەی کەرتی غەززەیە و ئیتر جەنگی سێیەمی جیهانیی ڕوو نادات