هەرێمی کوردستان و یونسکۆ ڕێککەوتنێکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر واژۆ کرد

لە هەنگاوێکدا بۆ پاراستنی یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی جیهان، هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێککەوتنێکی نوێیان بۆ نۆژەنکردنەوە قەڵای هەولێر واژۆ کرد. مەراسیمەکە لە بارەگای سەرەکیی یونسکۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "پاراستنی شوێنەوارەکانمان گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە. قەڵای هەولێر کە لە لیستی یونسکۆدایە، پێویستی بە کاری زیاترە و نۆژەنکردنەوە کارێکی ئاسان نابێت و توانای دارایەکی باشی دەوێت، بۆیە ئەم هاوبەشییە زۆر گرنگە."

شێخ باز، خاوەنی کۆمپانیای کار، ئاماژەی بەوەدا، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو دەبێت و کاری زۆر چڕی تێدا ئەنجام دەدرێت. گوتیشی: "ئەمە ڕێککەوتنێکی مێژووییە بۆ کوردستان و هەموو عێراق. یونسکۆ مێژووی هەولێر دەپارێزێت و بە هەموو جیهانی دەناسێنێت."

کۆمپانیایی کار و یونسکۆ لە ساڵی 2014ـەوە بۆ بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر کار دەکەن، کە لە هەمان ساڵ قەڵا خرایە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە، هەروەها لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، کارە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر دەستی پێکردووە و تاوەکوو ئێستا بە ڕێژەی 95% کارەکانی تەواو بووە.

دوێنێ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، یادگار محەممەد، بەرپرسی کۆمیسیۆنی بووژانەوەی قەڵای هەولێر بە کوردستان24ی گوت: ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنیسکۆ بە 10 ملیۆن دۆلار واژۆ دەکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای قوتابییان لە ڕووی گەشتیاری و شوێنەواری، هەروەها نۆژەنکردنەوەی چەند خانوویێک بە مەبەستی سوودوەرگرتن لێیان لە ڕووی گەشتیارییەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment