ترەمپ داوای 15 ملیار دۆلار لە نیویۆرک تایمز دەکات

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جارێکی دیکە داوایەکی یاسایی بە بڕی 15 ملیار دۆلار بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز تۆمار کردەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە داواکە لە 40 لاپەڕە پێکدێت و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و سێ پەیامنێری بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و ناوزڕاندنی ترەمپ تۆمەتبار کردووە. ڕوونیشی كردووهتهوه، ئهم داوایه لە دوێنێ پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە دادگای فلۆریدا تۆمار کراوە و داوا لە دادگا كراوه قەرەبووی زیانەکان بە بڕی 15 ملیار دۆلار بكاتهوه و سزای زیاتریش لە کاتی دادگاییکردندا بسەپێنێت.
ستیڤن مێریدەی، دادوەر دادگای فیدراڵی له ئهیلوولی ڕابردوودا داوا یاساییەکەی پێشووی ترەمپی ڕەت کردبووە بەهۆی ئەوەی لە داواکە "زێدەڕۆیی لە ستایشی ترەمپ" کرابوو.
ترەمپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ڕکابەریەتیی بەرانبەر بەو ئاژانسانەی هەواڵ لە بەرژەوەندیی ئەو بڵاو ناکەنەوە، زیاتر کردووە، ئەمەش تواناکانی ڕۆژنامەنووسان و بۆ دەستڕاگەیشتنی زانیاری و ڕەخنەگرتن لە ئیدارەی ترەمپ سنووردار کردووە.
لە مانگی تەممووزدا، ترەمپ داوایەکی یاسایی بە بڕی 10 ملیار دۆلار دژی ڕوپەرت میردۆک و ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ تۆمار کرد، دوای ئەوەی ڕۆژنامەکە هەواڵێکی لەسەر بوونی کتێبێک و نامەیەک بڵاو کردەوە کە گوایە ترەمپ بۆ تاوانباری جێفری ئێپستینی ناردووە.
هەروەها، لە هەمان مانگدا کۆمپانیای پارامۆنت لەگەڵ ترەمپ بڕی 16 ملیۆن دۆلار ڕێک کەوت دوای ئەوەی ترەمپ داوایەکی یاسایی لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار کردبوو، کە بەرنامەیەکی لە کەناڵی (سی بی ئێس نیوز) لە کاتی هەڵبژاردنەکان لە سوودی کامالا هاریس، کاندیدی ڕکابەری ترەمپ بۆ سەرۆکی ئەمەریکا ڕێک خستبوو.