کرێملن: لووتکەی پوتن و ترەمپ لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە دەچێت

ترەمپ و پوتن لووتکەی ئاڵاسکە
ترەمپ و پوتن لووتکەی ئاڵاسکە

گوتەبێژی کۆشکی (کرێملن) ڕایگەیاند، لووتکەی نێوان هەر دوو سەرۆکی ڕووسیا و ئەمەریکا، لە 15 ڕۆژی داهاتوو بەڕێوە دەچێتث جەختیشی کردەوە، پێویستە بەر لە کۆبوونەوەکە چەند پرسێک چارەسەر بکرێن.

هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پێویستە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ چارەسەرکردنی چەندین پرس پێش کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببنەوە و به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ بكه‌ن. گوتیشی: هەر دوو سەرۆکەکە ئیرادەیان هەیە کۆببنەوە.

پیسکۆڤ دەشڵێت: "کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتن ئەگەری هەیە لە دوو هەفتەی داهاتوو یان زیاتر بەڕێوە بچێت، هاوکات هەماهەنگییەک هەیە کە نابێت کۆبوونەوەکە دوا بخرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە ئامادەیە.

هەروەها کرێملن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، پوتن و ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، ئەمڕۆ هەینی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی کۆبوونەوەی لووتکەکە و ئۆربان گوتوویەتی هەنگاریا ئامادەیە میوانداریی لووتکەکە بکات.

دوێنێ پێنجشەممە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: "شاندی ڕووسیا و ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ چەند کۆبوونەوەیەک لە بارەی جەنگیی ئۆکرانیا دەکەن، دوای ئەو کۆبوونەوانە هه‌ر یه‌ك له‌ تره‌مپ و پوتن لە هەنگاریا كۆده‌بنه‌وه‌. دوای لووتکەی ئالاسکە لە 15ـی ئابی ڕابردوو، ئەمە دەبێتە دووەم لووتکەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە لەم ساڵەدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکات و باس لە لووتکەی هه‌نگاریا و پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا بکات.

پێشتر، ڕووسیا، ئۆكرانیا و ئەورووپا بە هۆکاری وەستانی دانوستانەکان دەزانێت. لە بەرانبەردا، ئەوان ڕووسیا بە پێشکەشکردنی داواکاریی قبووڵنەکراو تۆمەتبار دەکەن و ڕایانگەیاندووە. باوەڕ ناکەن پوتن لە بەدیهێنانی ئاشتیدا جیددی بێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment