ترەمپ بۆ زێلێنسکی: با جه‌نگه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ ڕووسیا به‌بێ پێدانی مووشه‌كی تۆماهۆك کۆتایی بێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیوادارە بەبێ پێدانی مووشەکی تۆماهۆک جەنگیی ئۆکرانیا و ڕووسیا کۆتایی بێت؛ هاوكات سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی؛ لە سەردەمی نوێدا بۆ ئەوەی لە جەنگ براوە بیت، پێویستت بە تەکنۆلۆژیای نوێی هەیە.

هەینی 17ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و لە کۆبوونەوەیەکی گفتوگۆئامێزدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام داوە و لەگەڵ زێلێنسکی باسی ئەو بابەتە دەکەن. گوتیشی: لە هەنگاریا چەند کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پوتن دەبێت و زێلێنسکیش لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاگادار دەکرێتەوە.

ئاماژەشی دا، بۆ ئەوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی بێت، پێویستە چەکی تۆماهۆک و چەکەکانی دیکە بدەنە ئۆکرانیا، بەڵام هیوادارە بەبێ ناردنی تۆماهۆک بتوانن ئەو جەنگە کۆتایی پێبهێنن، چونکە ئەو مووشەکە کاولکاری و پێشهاتەی خراپ بە دوای خۆی دەهێنێت.

باسی لەوەش کرد، دوێنێ دوو کاتژمێر و نیو به‌ ته‌له‌فۆن قسەی لەگەڵ پوتن کردووه‌ و باسی زۆر وردەکارییان کردووه‌، بۆیە بۆی دەرکەوت پوتنیش هەر وەکوو زێلێنسکی دەیەوێت ئەو جەنگە کۆتایی بێت.

هاوكات له‌ به‌شێكی کۆبوونه‌وه‌ كراوه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك، زێلێنسکی دوای قسەکانی ترەمپ گوتی: ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام پوتن ئاشتیی ناوێت، بۆیە دەبێت فشاری زیاتری لێ بکرێت، باسی لەوەش کرد، جەنگیی ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بۆ ئەوەی براوە بی، پێویستیت بە تەکنۆلۆژیا و مووشەکی تۆماهۆک دەبێت.

زێلێنسکی ئاماژەی به‌وه‌ش كرد، دیداری لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزەی ئەمەریکا هەبووە و ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا پیشان داوە، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەی.

ترەمپ دوای ته‌واوبوونی به‌شێك له‌ قسه‌كانی زێلێنسکی له‌ ناوبڕێكی كورتدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان دووپاتی کردەوە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە جەنگیی ئۆکرانیا ئاڵۆزترە، لەگەڵ ئەوەش 59 وڵات بەشدارییان لە ئاگربەستی غەززە کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە تونێلی بازرگانیی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا کرد و گوتی: دەزانم زێلێنسکی ئەوەی بە دڵ نابێت. زێلێنسکیش وەڵامی دایەوە و گوتی: بەو تونێلە دڵخۆش نیم.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment