ڕووسیا پێشنیازی دروستکردنی تونێلێک به ناوی ترهمپ - پوتن دهكات

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان و سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا پێشنیازی کردووە، تونێلێکی شەمەندەفەری ڕووسیا و ئەمەریکا وەک ئاماژەیەک بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو وڵاتە و دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییەکان بە درێژایی 112 کیلۆمەتر لە گەرووی بێرینگ دروست بکرێت؛ هاوکات سەرۆکی ئەمەریکاش بیرۆکەکەی پێ سەرنجڕاکێشە.
کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان و هاریکاریی ئابووریی لەگەڵ وڵاتان و سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا پێشنیازی کردووە تونێلێکی شەمەندەفەر لە ژێر ئاو بە ناوی "پوتن-ترەمپ" لە نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لەژێر گەرووی بێرینگ دروست بکەن بۆ بەستنەوەی هەر دوو وڵات، کە دەبێتە هۆی یەکگرتنەوە و کردنەوەی دەرگای هاوبەش بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییەکان.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەشی داوە، دمیتریێڤ ئەم پێشنیازەی دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دوێنێی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمهریکا خستووهته ڕوو، کە تێیدا ڕێککەوتن لە هەنگاریا کۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا.
سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا بۆ ئەو بابەتە پەیوەندی بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و پێشنیازی کردووە، کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزەی ئەمەریکا بەشداری لە پرۆژەکانی ڕووسیا لە جەمسەری باکوور بکەن، تونێلەکە لەلایەن کۆمپانیای "The Boring Companyـەوە دروست بکرێت، کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکییە بۆ دروستکردنی تونێل و ئیلۆن مەسک خاوهنیهتی.
هەروەها دمیتریێڤ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "خەونی بەستنەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ڕێگەی گەرووی بێرینگەوە دیدگایەکی لەمێژینەیە لە هێڵی ئاسنی سیبیریا-ئالاسکا لە ساڵی 1904ـەوە تا پلانی ڕووسیا لە ساڵی 2007 هەبووە؛ واتە بیرۆکەی بەستنەوەی ئەم دوو خاڵە لانی کەم 150 ساڵە بوونی هەیە."
دمیتریێڤ لە ئێکس بۆ مەسک نووسیویەتی: تێچووی ئاسایی ئهم تونێله زیاتر لە 65 ملیار دۆلارە، بەڵام بە تەکنۆلۆژیای کۆمپانیاییەکەت دەتوانێت بۆ کەمتر لە 8 ملیار دۆلاری دروست بکەین، بۆیە با پێکەوە داهاتوو دروست بکەین.
دمیتریێڤ ئاماژەی بەوەش کردووه، لە سەردەمی جەنگیی سارددا پلانێک بۆ دروستکردنی "پردی ئاشتیی جیهانیی کێنێدی-خرۆشۆف" لەسەر گەرووەکە خراوەتە ڕوو. گوتیشی: سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا، پێشتر وەبەرهێنانی لە دروستکردنی یەکەمین پردی هێڵی ئاسنی ڕووسیا-چیندا کردووە. کاتیی ئەوە هاتووە کاری زیاتر بکەین و بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کیشوەرەکان و ڕووسیا و ئەمهریکا بەیەکەوە ببەستینەوە.
هاوکات تاوەکوو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی لەلایەن مەسک یان ترەمپەوە بۆ ئەم پێشنیازە نەبووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا باسی ئەو تونێلەی کردووە و بە بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشی ناو برد و گوتی: ئەو پرۆژەیە بە دڵی زێلێنسکی نابێت، هاوکات دەستبەجێ زێلێنسکی وەڵامی دایەوە و گوتی: بەو پرۆژەیە دڵخۆش نیم.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، تونێلەکە بە درێژایی 112 کیلۆمەتر دەبێت و لە ماوەی کەمتر لە هەشت ساڵدا تەواو دەبێت، کە بە بەهای 8 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و گوژمەکەشی لەلایەن مۆسکۆ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت. ئەوەشی خستووەتە ڕوو، جگە لە خودی تونێلەکە، دروستکردن و نوێکردنەوەی ژێرخانی هەر دوو لای گەرووەکە پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆر دەبێت، بەتایبەتی کە ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی ئێستای چوکۆتکا پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.
گەرووی بێرینگ، کە لە تەسکترین خاڵیدا 82 کیلۆمەتر پانە، لە نێوان زەریای هێمن و جەمسەری باکووردا، کە نیمچەدوورگەی چوکچی لە ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیا لە نیمچەدوورگەی سیوارد لە ئالاسکا جیا دەکاتەوە.
