ناتانیاهۆ: تا حەماس چەک دانەنێت، شەڕ لە غەززە بەردەوام دەبێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، جەنگی کەرتی غەززە کۆتایی نایەت تاوەکو قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس جێبەجێ نەکرێت، کە بە وتەی ئەو، مەرجی سەرەکیی چەکداماڵینی بزووتنەوەکەیە.

ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی، کە بە کەناڵێکی ڕاستڕەو ناسراوە، جەختی کردەوە قۆناغی دووەم بریتییە لە "چەکداماڵینی حەماس، یان بە واتایەکی ڕوونتر، چەکداماڵینی تەواوی کەرتی غەززە."

گوتیشی: "کاتێک چەکداماڵین بە سەرکەوتوویی تەواو بوو، کە هیوادارین بە ئاسانی بکرێت، ئەگەرنا بە زەحمەت و هێز دەبێت، ئەوکاتە شەڕ کۆتایی دێت."

لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان چاوپێکەوتندا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، نیازی هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2026دا، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکاتەوە.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا چاوەڕێی سەرکەوتن دەکەیت، ناتانیاهۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: "بەڵێ."

لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 2022، پارتی ڕاستڕەوی لیکود بە سەرۆکایەتی ناتانیاھو کە ھەفتەی داھاتوو تەمەنی دەبێتە 76 ساڵ، 32 کورسی بەدەستهێنا و 64 ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل کە 120 کورسییە (کنێست) ڕاسپاردەیان کرد کە شایستەی پێکھێنانی حکوومەت بێت. ناتانیاهۆ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا وەک سەرۆک وەزیران سوێندی یاسایی خوارد و لەو کاتەوە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی توندڕەوی ڕاستڕەوی کردووە. لە ساڵی 1996 تا 1999 و دووبارە لە ساڵی 2009 تا 2021 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە، پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 2021 لەلایەن هاوپەیمانییەکی ناوەندگەرایی کە لەلایەن یایر لاپید و نەفتالی بینێت پێکهێنرابوو، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

لە ماوەی خولی ئێستایدا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022، دەستیپێکردووە، چاکسازییە بەرفراوانەکانی دادوەری کردووە، ڕەخنەی نەیارەکانی لێکەوتووەتەوە، کە پێیانوایە ئامانجیان لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەرییە.

هەروەها ئەم پرۆژانە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، تەنیا دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە کەم بووەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەستی پێکرد.

هەروەها ناتانیاهۆ لە نێو ئیسرائیلدا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە سەبارەت بە مامەڵەکردنی لەگەڵ شەڕەکە و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون.

هەروەها بە تۆمەتی فەرمانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە ڕووبەڕووی فەرمانی دەستگیرکردن بووەوە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

 
Fly Erbil Advertisment