کوردانی پارێزگای دیالە: ئەگەر بمانەوێت دۆخمان باشبێت دەبێت دەنگ بدەین

سەدان خێزانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دیالە کە دوای شانزەی ئۆکتۆبەر ئاوارە بوونە و لە شارە کانی کوردستان نیشتە جێین، لە ئێستاوە خۆیان ئامادە کردووە بۆ ڕۆژی دەنگدان تاوەكو بگەڕێنەوە ناوچە کانی خۆیان و دەنگ بدەن، ئەو هاووڵاتییانەش دەڵین: ئێرە خاکی باو باپیرانمانە و پێویستە نوێنەرێکی ڕاستەقینە هەڵبژێرین تابتوانێت داکۆکیمان لێبکات.

نووری چەندین ساڵە لەناوچە کوردستانیەکانی دیالە ئاوارەیە، چەند ڕۆژێكە گەڕاوەتەوە ناوچەکەی خۆی و دەستیکردووە بە بانگەشە و دانانی وێنەی کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەك خۆی دەڵێت ئامانج لەم کارەی سەرخستنی کاندێکە تابتوانێت لە بەغدا داکۆکیان لێبکات.

نووری محەممەد، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێویستە کورد دەنگ و ڕەنگ و جێگای خۆی لێرە بسەپێنێت، ناکرێت ئێمە هەر لەدوورەوە سەیری ئێرە بکەین، چونکە خاکی خۆمانە، گوتیشی: ئەگەر بمانەوێت دۆخمان باشبێت و بگەڕێینەوە شوێنی خۆمان، ئەوە دەبێت بێین و دەنگی خۆمان بدەین.

ئەگەرچی بەردەوام حکوومەتی عێراق لەهەوڵی کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هاووڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانە سوورن لەسەر ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و دەنگ بدەن، تابتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان 

محەممەد مەحموود، هاووڵاتی گوتی: لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، کورد لەو ناوچانە بووەتە کەمینە، واتە لەو سنوورە ڕێژەی لەسەدا 2 تێناپەرێنێت، بۆیە داوا لەو خەڵکەی خۆمان دەکەین کە ئێستا لێرە نین، ڕۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە و دەنگی خۆیان بدەن، هەروەها دەنگ بدەن بەو کاندیدەی کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئەم ناوچەیە بکات و بچێتە پەرلەمان عێراق و داکۆکیکارێکی باش بێت لەسەر مافەکانمان.

لەدوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق زۆرینەی پۆستە ئیداریی و ئەمنی و کارگێریەکانی لە کورد سەندەوە و چل گوندی کوردنشینیش بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنیانەوە چۆڵکراون.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment