زانیاری لەبارەی بکوژەکەی نیس ئاشکرا دەکرێت

پێش رووداوەکە پەیوەندی بە کێوە کردووە؟

K24- هەولێر:

خوشکی ئەو  پیاوەی لە شاری نیسی فەرەنسا سێ کەسی لە کلێسایەک کوشت، چەند زانیارییەک ئاشکرا دەکات.

بکوژەکە بە ناوی براهیم ئۆویساوی تەندروستی ناجێگیرە، دوای ئەوەی پۆلیس تەقەی لێکرد و برینداری کرد.

خوشکەکەی دەڵێت، پێش ئەنجامدانی کارەکەی، ئیبراهیم لە رێگای پەیوەندی ڤیدیۆیی، قسەی لەگەڵ خێزانەکەی لە تونس کردووە.

خزمەکانیشی دەڵێن، کەسێکی باش بووە و تووشی شۆک بوون کاتێک هەواڵەکەیان بیستووە.

سکای نیوز ئاشکرایکردووە، ئیبراهیم ئەو بەیانییەی گەیشتووەتە نیس، بە دوای شوێنێک گەڕاوە تێیدا بمێنێتەوە، دایکی پێی گوتووە، تۆ فەرەنسی نازانی و کەسیش لەوێ ناناسی بۆچی ئیتاڵیات بەجێهێشتووە، ئیبراهیم شوێنی نیشتەجێ بوونی پیشانی دایکی داوە کە بەرامبەر ئەو کلێسایەیە کە هاووڵاتییەکانی تێدا کوشت.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، ئیبراهیم لە تونس پێشینەی تاوان و بەکارهێنانی چەقۆی هەبووە.

رۆژێک دوای گەیشتنی بۆ نیس، هێرشی کردە سەر کلێساکە و ژنێکی بەرازیلی تەمەن 60 ساڵ، خزمەتکارێکی کلێساکە کە تەمەنی 55 ساڵ بووە و پیاوێکی بەرازیلی تەمەن 55 ساڵی کوشت.

بەهۆی چەند هێرشێکی تیرۆرستی هاوشێوە و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام، سەقامگیریی ئاینی لە فەرەنسا تێکچووە، بەرپرسانی فەرەنسی هۆشدارییان داوە، ئەگەر هەیە لە هەموو شوێنێکی فەرەنسی هێرشی هاوشێوە ئەنجام بدرێت.