شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2025، محەممەد کەمال، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی باران لە دەریای ناوەڕاست و دروستبوونی کەشێکی ناسەقامگیر، پێشبینی دەکرێت لە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەوە (21ـی تشرینی یەکەم) تا درەنگانی شەوی چوارشەممە (22ـیتشرینی یەکەم)، شەپۆلێکی باران و هەورە تریشقە بگاتە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم.
دەشڵێت: کاریگەریی سەرەکی شەپۆلەکە لەسەر دەڤەری بادینان بەگشتیی، دەشتی هەولێر، سۆران و باڵەکایەتی، مێرگەسۆر، ئاکرێ، و ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری ڕانیە، دەبێت. هەروەها بەشێوەیەکی لاوازیش کاریگەری لەسەر سەنتەری شاری هەولێر دەبێت.
باران، بەشێوەی پچڕپچڕ (ناوبەناو) دەبێت و هەندێک جار بە بەلێزمە دەبارێت. لە نێوان شەوی سێشەممە تا بەرەبەیانی چوارشەممە، ئەگەری دروستبوونی هەوری چالاک و توند هەیە، بۆیە ئەگەری بارانی بەخوڕ، تەرزە و هەورەبروسکەی بەهێز لە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمدا هەیە.
محەممەد کەمال ڕاشیگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئاگاداری هەورەبرووسکەی وەرزی پایز بن. لە هەندێک شوێن ئەگەری بارینی تەرزە هەیە. بەهۆی ئەوەی یەکەم شەپۆلی بارانی ئەم وەرزەیە، گۆڕانکارییەکان لەناکاو و خێرا دەبن.
کاریگەریی ئەم شەپۆلە ناسەقامگیرە لە درەنگانی شەوی چوارشەممەدا کۆتایی دێت.