نێچیرڤان بارزانی بۆ دەنگدەران: ئایندەی پارتی بە دڵسۆزی و پشتیوانی ئێوە گەشە

نێچیرڤان بارزانی بۆ دەنگدەرانی پارتی: پارتی بەئێوە بەهێز و سەنگە، ئەمجارە بەدڵنیاییەوە خاوەنییەک ملیۆن دەنگە

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی کەرنەڤاڵی بانگەشەی پشتیوانی سەرخستنی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

نێچیرڤانی بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پشتیوانی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر سەرەتای گوتارەکەی گوتی: زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی ئەندامانی ڕێکخراو و سەندیکاکان قسە دەکەم، کە بە دڵنیایەوە ڕۆڵیکی زۆر گرنگ دەگێڕن لەنێو کۆمەڵگەکەماندا.

گوتیشی: ئێوە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن، هەم لە هەڵبژاردندا هەم لە پارتایەتیدا، دڵسۆزی ئامادەبوونتان دیار و بەرچاوە و مایەی سەرفرازی و مایەی دڵخۆشی هەموومانە.

گوتیشی: ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، قوتابخانەی زۆر لە سەرکردەکانی ئەمڕۆی کوردستانن؛ ئێوە بە پارتایەتی و کاری دڵسۆزانە بۆ گەل و نیشتمان، ڕێگەتان دروست و بە دڵنیاییەوە ئایندەی ئێوەش گەشە، ئایندەی پارتیش بە دڵسۆزی و پشتیوانی ئێوە گەشە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیدا، پارتی بۆ داهاتووی خۆی چاوی لەم گەنجانەیە کە داینەمۆی ڕێشەیی بەڕێوەبردنی هەر حزبێکن، هەربۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە هەموو هەڵبژاردنەکان و هەموو ئەو قۆناغانەی دێنە پێش بە گڕوتینێکی زیاتر لە جاران پارتەکەی خۆیان سەربخەن و دڵی دۆستان شاد و دڵی ناحەزانیش بێئومێد بکەن.

گوتیشی: منیش لە ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانەوە دەستم پێکرد و گەیشتنیە ئێرە، دڵنیام ئێوەی ڕێکخراوەکان بەهێز دەبن، ئێوە هێزی تایبەت و نوێی پارتین، هەربۆیە لیستی 275ـی پارتی ئەمجارە بەهێزی ئێوەی ڕێکخراوەکان و پەنابەخوا دەبێت لیستی یەک ملیۆنی.

نێچیرڤان بارزانی گوتی:  ئاشتی ھێزە و پارتی بە ئێوە بەھێزە، پارتی ئاشتیخوازترین حزبی کوردستانە، پێویستە ئەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەش زۆر ئاشتیخوازانە بەڕێوە بچێت، وەڵامی کەس مەدەنەوە، دژی کەس مەبن، پارتی دەیەوێت کوردستان لە ئاستی ئێستا بگەینێتە ئاستێکی گەورەتر، خواستی پارتی زۆر گەورەترە لەوەی کە خەڵکی دیکە خواستیەتی، خواستی پارتی ئاوەدانییە، دەیەوێت کوردستان ببات بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر و ئاوەدانتر، لەبەر ئەوە، بەرپرسیارێتی ئێوە گەورەترە لە ھەموو حزبەکانی تر.

لەبارەی پێداگریی پارتی لە چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری عێراق و کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: پارتی دەیەوێت دەستووری عێراق جێبەجێ بکات، ساڵی 2005، زیاتر لە 80%ی خەڵکی عێراق دەنگییان دا بە دەستووری عێراق، زێدەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم، ئەگەر سەرۆک بارزانی لەو کاتەدا لە بەغدا نەبووایە و پێداگری نەکردبایە لەسەر ھەندێک مافی کە ئێستا لەناو دەستووردا بۆ ھەرێمی کوردستان دەستەبەر کراوە، قەناعەتتان ھەبێ بە بێ زێدەڕۆیی کردن، ئەوەش نەدەکرا، ئەوەی کرا، پێداگریی سەرۆک بارزانی بوو مافەکانی ھەرێمی کوردستان دەستەبەربکرێت لەناو دەستووردا.

گوتی: جێبەجێکردنی دەستوور گەرەنتی ئارامی و سەقامگیری عێراق بوو، بەڵام دەستووریان جێبەجێ نەکرد، دەستووریان پشتگوێ خست، کارەسات و مەینەتی ڕووی لە عێراق کرد، بەوەی کە نەھاتنە سەر دەستووری عێراق و جێبەجێ کردنی. دەمانەوێ لە بەغدا بەھێزبێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو دەستوورە جێبەجێ بکەین، پارتی دەیەوێت بە کردەوە سیستمی فیدراڵی لە عێراق جێبەجێ بکرێت.

جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە، پێویستە دامەزراوەکانی فیدراڵی لە عێراقدا دروست بکرێن، بیر لەوەش نەکەنەوە سیستمی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنن، گوتی: پارتی دەیەوێت ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەردەوام بێت و فراوانتری بکات، پارتی دەیەوێت سەقامگیری بەردەوام لە عێراق دروست بکات. پارتی دەیەوێت بوودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان لە عێراقدا نە داوا بێت و نە کێشەش بێت، دەستوور گوتوویەتی، مووچە مافە، ئەوان پێیان وایە بە خێر بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانی دەدەن.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، شڵەژاندنی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، کارێکی زۆر ناشیرینە، گوتی: ئەوەی ئێمە داوای دەکەین،  بەس بۆ خۆمان نییە، ئێمە بۆ ھەموو گەلی عێراقیش هەمان ئەو داواکارییەمان ھەیە. ئەوەی ئێمە داوا دەکەین بۆ دھۆک و ھەولێر و زاخۆ و سلێمانی و خانەقین و شوێنەکانی دیکەی کوردستان، هەمان ئەو داوایەمان ھەیە، بۆ پێشکەوتن و بۆ ئاوەدانی و بۆ مووسڵ و بۆ بەسرە و بۆ دیالە و بۆ ھەموو ئەو شوێنانەی عێراق. 

12ـی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، بانگەشەی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر دەستی پێکرد، جگە لە كاندیدەكانی پارتی، ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پارتی ئامادەی کەرنەڤاڵی جەماوەریی بۆ پشتیوانی لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.

بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق کە بە شەشەمییەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 275 بەشدارە کە بڕیارە 11ی مانگی داهاتوو دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەنگدەرانی هەرێمی کورستان بەمشێوەیە دابەشبوون:

هەولێر: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (ملیۆنێك و 87 هەزارو 880) كەس، دەنگدەری گشتیی (ملیۆنێك و 2 هەزار) كەس دەنگدەری تایبەت (85 هەزارو 793) كەس.

سلێمانی: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( ملیۆنێك و 201 هەزارو 846) كەس، دەنگدەری گشتیی (ملیۆنێك و 119 هەزارو 111) كەس، دەنگدەری تایبەت (82 هەزارو 547) كەس.

 دهۆك: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (   778 هەزارو 846) كەس، دەنگدەری گشتیی (722 هەزارو 853) كەس، دەنگدەری تایبەت (55 هەزارو 993) كەس.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment