ئاگرین عەبدوڵڵا: لە کابینەی نۆیەم 718 پرۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێکراون

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، خزمەتی ئەو پرۆژە گەشتیارانە دەکات، لە داهاتوودا لە نزیک بەنداوی گۆمەسپان دروستدەکرێن و هەروەها ئاسانکاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکات.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ڕێگەی گۆمەسپان-سماقوڵی ئاسانکاری زۆر لەنێوان هەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین و هەولێر و سلێمانی دەکات، هەروەها خزمەتی ئەو پرۆژە گەشتیارانە دەکات، لە داهاتوودا لە نزیک بەنداوی گۆمەسپان دروستدەکرێن.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاماژەی بەوە کرد، کابینەی نۆیەم سەردەمی زیڕێنی ڕێگەوبان بووە، بە جۆرێک 718پرۆژە خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیان، هەروەها دوو هەزار و 600 کیۆمەتر ڕێگە قیرتاوکراون، ئەمە جگە لەوەی ڕەزامەندی لەسەر زیاتر لە 200 پرۆژەی دیکە دراوە، بودجەکەیان سێ ترلیۆن و 500 ملیار دینارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی کردەوە.
ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، بە ستانداردێکی بەرز، کە پانی هەر ئاراستەیەکی 10 مەترە و دوو ڕێڕەوی هاتوچۆ لەخۆ دەگرێت، تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 210 ملیار دینارە و لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆیی جێبەجێ کراوە.
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا، ژمارەیەک بنیاتی ئەندازەیی گرنگ دروست کراون، لەوانە، شەش ژێرپرد، سێ بەرزەپرد، 70 ئاوبەری سندووقی، هەروەها دیواری پاڵپشت و پەرژین و تەواوی هێماکانی هاتوچۆ بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دانراون.
ڕێگاکە بە سێ چین قیرتاو کراوە و نزیکەی 300 هەزار تۆن قیر بۆ ڕێگەکە بەکار هێنراوە، کە چینی کۆتایی ماددەی پۆلیمەری تێدا بەکار هێنراوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە بەردەوامی و خۆڕاگریی ڕێگاکە.
هەروەها لەم پرۆژەیەدا، 600 ئامێری جۆراوجۆر و 2000 کارمەند و کرێکاری خۆماڵی تێیدا بەشداربوون، ئەمەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دابینکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای کارمەندی ناوخۆیی.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە، کە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسووڕێتەوە و لە ئایندەدا دەبێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری دەبێت.