مەسرور بارزانی: زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتر شەقامی ستراتیجیمان دروست کردووە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بۆ ئابووری و پێشکەوتنی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، توانیوومانە زیاتر لە 5,000 کیلۆمەتر شەقامی ستراتیجی دەرەوەی شارەکان دروست بکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە بۆنەی کردنەوەی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "دوای ساڵێک لە بەڵێنەکەمان، دووسایدی (گۆمەسپان - سماقووڵی)ـمان بە گوژمەی 210 ملیار دینار کردەوە، کە پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە".
هەروەها ئاماژەیداوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کاروانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدانی سێکتەرەکانی ڕێگاوبان و نووسیویەتی "سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بۆ ئابووری و پێشکەوتنی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، توانیوومانە زیاتر لە 5,000 کیلۆمەتر شەقامی ستراتیجی دەرەوەی شارەکان دروست بکەین".
سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بۆ ئابووری و پێشکەوتنی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، توانیوومانە زیاتر لە 5,000 کیلۆمەتر شەقامی ستراتیجی دەرەوەی شارەکان دروست بکەین.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) October 19, 2025
ڕۆژی 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی دووسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی دانا، کە ڕێگەیەکی یەکساید و بەر تەسک بوو، بەڵام لە دوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا دووسایدەکە لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان کرایەوە.
تایبەتمەندییەکانی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵی، بەدیزانێکی سەردەمیانە و ستانداردێکی بەرزی جیهانی دروستکراوە و درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، پانی هەر ئاراستەیەکی 10 مەترە و دوو ڕێڕەوی هاتوچۆ لەخۆ دەگرێت، کە لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆیی جێبەجێکراوە.
بۆ زیاتر ئاسانکاری لەبەردم ڕێبواران و شۆفێرانی ئەم ڕێگەیە، شەش ژێرپرد، سێ بەرزەپرد، 70 ئاوبەری سندووقی دروستکراوە، هەروەها دیواری پاڵپشت و پەرژین و تەواوی هێماکانی هاتوچۆ بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دانراون، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانی ڕابردوو ئەو ڕێگەیە بەهۆی نزمی کۆنی گرفتگەلێکی هاتوچۆی تێدا دروست دەبوو، بە تایبەت لە وەرزی زستان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی بەنداوی سماقووڵی، هاتوچۆ لەم ڕێگەیە پەکی دەکەوت.