فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا: جەنگ بەڕێوەیە

فەرماندەی گشتیی هێزی دەریایی ئەمەریکا، زەنگی جەنگ لێدەدات و دەڵێت: ئێستاش هێزەکانمان وەک جاران توانای شەڕکردنیان هەیە و دڵنیابن جەنگ بەڕێوەیە و ڕوودەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2025، ژەنەراڵ ئێریک سمیس، فەرماندەی گشتیی هێزی دەریایی ئەمەریکا، لە گوتارێکدا بۆ هێزەکانی، هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی دا و ڕایگەیاند، پێویستە خۆیان بۆ جەنگێک لە داهاتوو ئامادە بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتە ڕوو یان ناوی هیچ وڵاتێک بهێنیت.

ژەنەراڵ سمیس لە گوتارەکەیدا گوتی: "شەڕی داهاتوو بەڕێوەیە، متمانەم پێبکەن، بەڕێوەیە."جەختیشی لەسەر بەردەوامیی گیانی جەنگاوەریی هێزی دەریایی کردەوە و گوتی "ئەو هێزە دەریاییەی ئەمڕۆ لێرەن، لە هەمان گۆشت و خوێنی ئەو سەربازانەن، کە لە تاراوا، کۆریا، عێراق و ئەفغانستان جەنگان."

فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، سروشتی جەنگ، بریتییە لە "پێکدادانی ویستەکان، تاقیکردنەوەی خۆڕاگری"؛ لە کۆتاییشدا، ژەنەراڵ سمیس ستایشی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد.

ئەم پەیامەی فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە ئەمەریکا هێزەکانی لە بەرانبەر ڤەنزوێلا خستووەتە ئامادەباشی و ڕایگەیاندووە، بەرەنگاری قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە، لە بەرانبەردا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا 25 هەزار سەربازی بە درێژایی سنووری دەریایی کۆکردووەتەوە و ترسی لە هێرشی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هەیە.

جیا لەمەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بانگەشەی ئاشتەوایی جیهانی و ڕاگرتنی شەڕ و جەنگەکان دەکات، هەر بۆ ئەمەش هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بە هاوبەشی سەرۆکایەتیی لووتکەی شەرم شێخیان بۆ ئاگربەستی غەززە و ڕاگرتنی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس کرد.

هەروەها بڕیارە لەم هەفتەیەدا دیداری لووتکەی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا لە هەنگاریا تایبەت بە ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بەڕێوە بچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment