بەوێنە.. بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئیزمیری هەژاند
بەلایەنی کەمەوە 20 باڵەخانە بەتەواوی رووخاون

K24 - هەولێر
بەلایەنی کەمەوە 24 کەس بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی شەوی رابردوو رۆژئاوای تورکیای هەژاند، گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
لە شاری ئیزمیری رۆژئاوای تورکیا، بەلایەنی کەمەوە 20 باڵەخانە بەتەواوی رووخاون، وێنەکان دەریدەخەن ئۆتۆمبێل کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان و خەڵک بەپەرۆشەوە بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕێن بەهیوای ئەوەی پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت، رزگاریان بکەن.
ئاژانسی کارەسات لە تورکیا رایگەیاند، بەلایەنی کەمەوە 804 کەس بریندار بوون، دەیان کەس لەلایەن هێزەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکراون، کە بە هەموو کەرەستەیەکی بەردەست بەشوێنیاندا دەگەڕێن.
بەگشتی 196 پاشلەرزە لەدوای بوومەلەرزە سەرکییەکە کە بە گوڕی 6.6 پلەی رێختەر روویدا، تۆمارکراون، لەوانەش 24ـیان بە گوڕی زیاتر 4 پلەی رێختەر بوون.
ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی دەریدەخەن لافاو هەردوو شارۆچکەی شەقامەکانی چەشمە و سەفەرهیسار لە پارێزگای ئیزمیر گرتووەتەوە، بەرپرسان دەڵێن ئەمە نیمچە تسۆنامییەک بووە، بەڵام هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لە روودانی تسۆنامی نەدراوە.



































