دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بەردەوامە

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستیپێکردووە و قایمقامی پیرمام ئاماژە بەوە دەکات، لە ناحیەی کۆڕێ دەستیپێکردووە و سەرجەم شوێنەکانی دیکەش دەگرێتەوە.
حامد ئیسماعیل، قایمقامی پیرمام، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی، لە سنووری شارۆچکەی پیرمام بەگوێرەی ئەو خشتەی دانراوە، دەستیپێکردووە.
قایمقامی پیرمام، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ لە ناحیەی کۆڕێ دابەشکرا و دوای وەرگرتنی سەرجەم سەر خێزانەکان، لە شوێنەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت تاوەکوو کۆتایی دێت.
ڕۆژی دووشەممە، 13ی ئۆکتۆبەری 2025، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگای لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان ڕاگەیاند، بۆ زستانی ئەم ساڵە (2025 -2026) کە بۆ هەر خێزانێک بڕی ( 200) لیتر نەوت دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، وەک هەنگاوی یەکەم دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) و ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان و زاخۆ ) دەست پێدەکات.