محەممەد ئیحسان بە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاودەنگی گەلان هەڵبژێردرا

ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، دوازدەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی هاودەنگی گەلان لە قاهیرە بەڕێوەچوو، کە تێیدا محەممەد عەرەبی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی میسر وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە و پرۆفیسۆری کورد 'محەممەد ئیحسان' وەک سکرتێری گشتیی و جاسم حلفی، ئەکادیمی عێراقی وەک جێگری سەرۆک هەڵبژێردران. 

جاسم حلفی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "کۆنفرانسی ڕێکخراوی هاودەنگی  گەلانی ئەفرۆ-ئاسیا بە هەڵبژاردنی من وەک جێگری سەرۆک و پرۆفیسۆر محەمەد ئیحسان بە سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە نیشانەی متمانەیە بە ئێمە، هەروەها هاندەرێکە بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدەین بۆ دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی پەیوەندیی یەکدەنگی لەنێو گەلان".

لە هەڵبژاردنەکەدا، پڕۆفیسۆر محەممەد ئیحسان 11 دەنگی بەدەستهێنا و ڕکابەرەکەی تاڵح ئەتلەسی شەش دەنگی بەدەستهێنا. بەم شێوەیە دکتۆر محەممەد ئیحسان پۆستی سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە بەدەست هێنا.

پرۆفیسۆر محەممەد ئیحسان سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، دڵسۆزیی بۆ ئەنجوومەنی ئاشتی و تەبایی عێراق، لە باوەڕی قووڵی ئەو بە دۆزی ئاشتی سەرچاوەی گرتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەدەست شەڕی ئازاربەخش گرفتاربووە، بۆیە باوەڕەکەی وایە ئاشتییەکی دادپەروەرانە دروشم نییە، بەڵکو پێویستییەکی مرۆییە.

گوتیشی: کارەکانی لە ڕێکخراوەکەدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەبێت کە پێویستی بە ڕۆحێکی بەکۆمەڵ و کراوەیی بەڕووی گەلانی جیهانی گەشەسەندوودا هەیە، لەپێناو چەسپاندنی بەهاکانی دیموکراسی و دادپەروەری نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی بەردەوام، هاوکات داوای کرد تۆڕێکی چالاک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێت.

ڕێکخراوی هاودەنگی  گەلانی ئەفرۆ-ئاسیا، دوازدەمین کۆنفرانسی گشتی خۆی لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەژێر دروشمی "لەدایکبوونێکی نوێ" بەڕێوەبرد.

لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک نوێنەری ڕێکخراوەکانی ئاشتی و هاودەنگی  لە ئەفریقا و ئاسیا، لە چەند وڵاتێکەوە ئامادەبوون، لەوانە میسر، عێراق، چین، ڕووسیا، ژاپۆن، تونس، مەغریب، بەحرەین، بەنگلادیش، یەمەن، لوبنان، سوودان، جەزائیر، کوەیت، سووریا، مۆریتانیا، نیپاڵ، و هیندستان.

پرۆفیسۆر دکتۆر محەممەد ئیحسان، توێژەرێکی جیهانییە و شارەزایە لە کاروباری جینۆساید و پێشتر پۆستی وەزاری لە چەندین حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبووە.

محەممەد ئیحسانم خاوەنی سێ بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی و زانستی سیاسی و ئایینی بەراوردکاری و وەک ئەکادیمیەک لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەورووپا و ئاسیا و ئەمەریکای لاتین کاری کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment