بە تانکەر ئاوی خواردنەوە دەگەیەنرێتە گوندەکانی مەهاباد

مەسعود ئەمجەدی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی مەهاباد، دەڵێت لە کۆی 178 گوندی سەر بە مەهاباد، ئاوی خواردنەوەی 37 گوند، بە تەنکەر دابین دەکرێت.
دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەم 2025، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی مەهاباد، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ی ڕاگەیاند "لە ئەنجامی وشکەساڵی و کەمبارانیی ساڵی ڕابردوو، ئاوی خواردنەوەی 37 گوند بە تەنکەر، یان سەرچاوەی ئاوی کاتییەوە دابین دەکرێت."
مەسعود ئەمجەدی، گوتیشی: پێشتر دانیشتوانی ئەم گوندانە ئاوی کانیاوەکانیان بۆ خواردنەوە بەکار دەهێنا؛ ئەمساڵ لەبەر وشکبوونی کانیاوەکان، بە تانکەر و بە شێوەی پشک، ئاو بۆ گوندنشینەکان دەبەین. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئاوی پاکیان بۆ دابین بکەین.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی مەهاباد، ئاماژەی بە پرۆژەی گەیاندنی ئاو بە 141 گوندی سەر بە ناحییەی خەلیفان و قەزای مەهاباد کرد و گوتی: ساڵی 2018 بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا، بەڵام هێشتا تەواو نەکراوە.
ئەمجەدی، هەروا گوتی: درێژیی بۆرییەکانی ئەم پرۆژەیە 640 کیلۆمەترن و 22 کۆگای ئاویش دەگرێتە خۆ، تا ئێستا پرۆژەکە گەیشتووەتە 16 گوند و نزیکەی حەوت هەزار و 800 دانیشتووی گوندەکان سوودی لێ دەبینن.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی مەهاباد، داوای لە هاووڵاتییان کرد، بە ڕەچاوکردنی وشکەساڵی و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، ئاوی خواردنەوە بۆ ئاودانی باخ و شۆردنی فەرش بەکار نەهێنن.