ئێران و ئەمەریکا دوور لە چاوی کامێراکان کۆدەبنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران (ڕاست) و نێردەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (چەپ)
وەزیری دەرەوەی ئێران (ڕاست) و نێردەی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (چەپ)

بڕیارە ئێران و ئەمەریکا بە شێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی کامێراکان، لەبارەی پرسی ئەتۆمی کۆببنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "ناتوانین بڵێین لەگەڵ ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی دانوستانداین".

ئاژانسی هەواڵی "هەفتی سوبحی"ـی ئێرانی ئاشکرای کردووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نهێنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەگەری هەیە هەردوو وڵات بەم زووانە بە شێوەیەکی نهێنی لە قەتەر یان عەممان کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران.

هەر لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ئاژانسەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، عێراقچی و ویتکۆف لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، لە گەشتەکەی هەفتەی ڕابردووی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گوتارێکدا لە کەنیشتی جووەکان لە ئیسرائیل، ڕایگەیاندبوو: "شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی ئەنجام بدەین، و پێموایە ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێت."

لە چەند مانگی ڕابردوودا، شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمەریکا چەندان جار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن. 

لە کاتێکدا بڕیاربوو کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت، ئیسرائیل و ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان چەندان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە. 

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە لێدوانەکانی ویتکۆف، دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران گوتی: پەیوەندییەکان بە نێوەندگیریی لایەنی سێیەم، وەک پێشوو بەردەوام بوونە، بەڵام ناتوانین بڵێین لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دانوستانداین لەگەڵ ئەمەریکا.

بەقایی سەبارەت بە بەیاننامەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەشداریکردنی هەندێک وڵاتی دەرەوەی یەکێتییەکە لە سەپاندنی سزاکان دژی ئێران، گوتی: زۆرێک لە وڵاتان گوتوویانە بڕیارەکانی یەکێتییەکە جێبەجێی ناکەن. ئەو وڵاتانەی کە پاڵێوراون بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا لەوانەیە لە چوارچێوەی یاسایی خۆیاندا پابەندییان هەبێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment