لە ئەنبار بانگەشەی هەڵبژاردن و بێسەروبەریی پۆستەرەکان خەڵکی بێزار کردووە

هاوکات لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار، دیاردەیەکی ناشارستانی سەریهەڵداوە کە نیگەرانیی قووڵی لای هاووڵاتییان و کەسایەتییەکانی شارەکە دروست کردووە. هەڵواسینی پۆستەر و فلێکسی پڕتێچووی کاندیدان لەسەر شۆستە و ناوەڕاستی شەقامەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ و لە هەندێک حاڵەتیشدا کارەساتی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە.

شەقام، کۆڵان و تەنانەت دیوارەکانی ئەنباریش بە وێنەی کاندیدان داپۆشراون، ئەمەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییەک بە نیگەرانییەوە بە کوردستان24 دەڵێت: "پۆستەرەکانی بانگەشە سیمای ئەنباریان شێواندووە. هەر کاندیدێک وێنەی خۆی بە گەورەیی هەڵواسیوە و بووەتە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ. لەبری خەرجکردنی ئەو پارە زۆرە بۆ بانگەشە، دەکرا قوتابخانە یان نەخۆشخانەیەکی پێ دروست بکرایە تا خەڵک سوودی لێ ببینێت."

جەمال ئیبراهیم، کەسایەتییەکی دیاری ئەنبار، ڕایگەیاند: "پێویست بوو کاندیدەکان هێندە هۆشیار بن کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بانگەشە بکەن. هەندێک لە پۆستەرەکان ئەوەندە گەورەن  ڕێگاکانیان داخستووە."

پسپۆڕان هۆشداریی دەدەن لەوەی "پارەی سیاسی" ڕۆڵێکی گەورە لە هەڵمەتەکانی بانگەشە لە ئەنباردا دەگێڕێت. بەشێک لە کاندیدەکان پەنا بۆ سەرچاوەی دارایی نادیار دەبەن، ئەمەش ململانێی هەڵبژاردنی لە کێبڕکێی پڕۆژە و بەرنامەوە گۆڕیوە بۆ ململانێی پارە و دەسەڵات.

عەمار مەجید، توێژەری سیاسی، دەڵێت: "ئەوەی وەک دانیشتووانی ئەنبار نیگەرانمان دەکات، تێکەڵبوونی پارەی سیاسییە بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە. هەرچەندە هەڵبژاردن مافێکی دەستوورییە، بەڵام هاووڵاتییان لە ئاستی بانگەشە و هەڵواسینی ئەو هەموو وێنەیە بێزارن کە ئاستەنگی بۆ ژیانیان دروست کردووە."

لەنێو گەرمەی ئەم بانگەشە پڕ لە فلێکس و پۆستەرەدا، خەڵکی ئەنبار لە دووڕیانێکدا ماونەتەوە: ئاخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و مافی دیموکراتیی خۆیان پیادە بکەن، یان بەهۆی ئەم دیاردە ناشارستانییەوە سارد ببنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment