ماکرۆن: لە موسوڵمانان تێدەگەم بەڵام دەست لە ئازادی هەڵناگرم
سەرۆکی فەرەنسا دواین هەڵوێستی لەبارەی رووداوەکانی فەرەنسا دەخاتەڕوو
K24- هەولێر:
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە دواین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە رایگەیاند، لە موسوڵمانان تێدەگەم کە کێشانی کاریکاتێری پەیامبەر محەمەد تووشی شۆکی کردوون.
ماکرۆن دەڵێت، من لە موسوڵمانان تێدەگەم کە کاریکاتێرەکە تووشی سەرسوڕمانی کردن، بەڵام هەرگیز رێگا بە تووندووتیژی نادەین.
دەشڵێت، ئەوە ئەرکی منە کە ماف و ئازدی وڵاتەکەم بپارێزم.
بەهۆی کێشانی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام لە فەرەنسا، بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی رەخنەیان لە ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا گرت و بە تووندی ئیدانەیان کرد، هەروەها کاریکاتێرەکە، چەند هێرشێکی لێکەوتەوە کە چەند هاووڵاتییەک بوونە قوربانی.
لە هەندێک وڵاتیش داوای بایکۆتکردنی کەلوپەلی فەرەنسی دەکرێت، لە وەڵامدا فەرەنسا ئەو کارە، بە هەوڵێکی بێ بنەما ناو دەبات.
ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی زیاتر تووڕە کردووە ئەوەیە، ماکرۆن هێرشەکانی ئەم دوایەی فەرەنسا بە “تیرۆری ئیسلامی” ناو دەبات.