لە کوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی شارستانی بەڕێوەدەچێت

لە کاتێکدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، هەرێمی کوردستان وێنەیەکی جیاوازی شارستانیانە پێشکەش دەکات، کە تێیدا بانگەشەکان بەشێوەیەکی هێمن و ئارام بەڕێوەدەچن و دوورن لە گرژی و ناوزڕاندن، ئەمەش پێچەوانەی دۆخی ناوچەکانی دیکەی عێراقە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کەشە ئارامە، ڕێنوێنیی لایەنە سیاسییەکانە بۆ کاندیدەکانیان. پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە کاندید، میدیا و کەمپەینەکانیان بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە ناوزڕاندن بانگەشە بکەن و تیشک بخەنە سەر پڕۆژە و دەستکەوتەکان و گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەکان.

دلۆڤان محەممەد، کاندیدی پارتی لە بازنەی هەولێر، لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـ دەڵێت: "بانگەشەی ئێمە بە شێوەیەکی هێمن و شارستانی بەردەوام دەبێت تا دوا ڕۆژی بانگەشە. ئێمە لە شاری هەولێر بەم شێوازە کار دەکەین و بەردەوام دەبین."

شارەزایانی بواری هەڵبژاردن پێیان وایە ئەم بانگەشە ئارامە کاریگەریی ئەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن دەبێت، چونکە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لایەنەکان زووتر دەست بە گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

هۆگر چەتۆ، شارەزای بواری هەڵبژاردن، لەمبارەیەوە دەڵێت: "پرۆسەی بانگەشە چەند لە کەشێکی ئارامدا بێت، ئەوەندە بۆ هاوپەیمانێتییەکان و لایەنەکان باشترە. چونکە لە کۆتاییدا لایەنەکانی کوردستان جۆرێک لە هاوبەشییان هەیە لە داواکارییەکانیان لە عێراق. حزبێکی کوردی دوو ئەرکی سەرەکی هەیە: یەکەم، ئەرکی نیشتمانی؛ دووەم، پەیام و داخوازیی تایبەت بە خۆی، کە پێموانییە لەسەر ئەرکە نیشتمانییەکان جیاوازییەکی ئەوتۆیان هەبێت."

ماوەی 17ڕۆژە بانگەشە بەردەوامە و بە بەراورد بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە تێیدا کردەی تیرۆر، تەقەکردن و ناوزڕاندن بوونی هەیە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێڕەوکردنی دیموکراسییەوە چەندان قۆناغ لەپێشترە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment