خەلیل حەییە: شەڕی غەززە کۆتایی هاتووە

خەلیل حەییە، سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی حەماس، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "قاهیرە نیوز" بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند: "ئەوەی لە نێوەندگیرەکان و سەرۆکی ئەمەریکاوە بیستوومانە، دڵنیامان دەکاتەوە شەڕ لە غەززە کۆتایی هاتووە."

سەرکردەکەی حەماس جەختیشی کردەوە: "ئیرادەی نێودەوڵەتی بە چاودێریی ترەمپ، گەرەنتیی سەرخستنی ڕێککەوتنی ئاشتییە."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا "ئەو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە گەورەیەی میسر بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمەریکا میوانداریی کرد، دووپاتی دەکاتەوە شەڕی غەززە کۆتایی هاتووە".

لە وەڵامدا، خەلیل حەیە دووپاتی کردەوە حەماس "پڕە لە متمانە و سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی غەززە،" و ئاماژەی بەوەدا کە بزووتنەوەکە و لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکە پابەندی ئاگربەستن.

گوتیشی: "ڕێککەوتنی غەززە خۆی دەگرێت و ئیرادەی ئێمە بۆ پابەندبوون پێوەی بەهێزە."

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەکەی حەماس جەختی لەسەر هەڵوێستی پێشووی بزووتنەوەکە کردەوە، سەبارەت بە سەختیی دەرهێنانی تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە.

ڕایگەیاند: "ئێمە ڕژدین لە دەرهێنانی تەرمی هەموو دەستبەسەرکراوەکان، بەڵام لەم کارەدا ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبینەوە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی لە حەماس کردبوو و ڕایگەیاندبوو "لەناویان دەبات" ئەگەر ڕێز لە ڕێککەوتنی غەززە نەگرن.

 هێشتا تەرمی 15 بارمتەی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززەدا ماوەتەوە و حەماس دەڵێت؛ پێویستییان بە کات و کەرەستەی زیاترە بۆ دەرهێنان و ڕادەستکردنەوەیان بە ئیسرائیل.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment