بۆیەکەمجار هاتوچۆی کەرکووک کامێرای تیژڕۆیی دادەنێت
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کەرکووک دەستیکرد بە دانانی کامێرای تیژڕۆیی لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی دەرەوەی شار، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.
عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کە دانانی کامێرای تیژڕۆیی پێویستییەکی هەنووکەیی بوو بۆ شارەکە، چونکە ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
گوتیشی: ئەم کامێرایانە گەڕۆکن و لە شوێنی جێگیردا نابن، بەڵکو بە بەردەوامی شوێنەکانیان دەگۆڕدرێت بۆ ئەوەی شوفێران زیاتر پابەندی خێرایی دیاریکراو بن.
هەروەها ئاماژەیدا، کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی سنووری هەرێمی کوردستان زۆر پێشکەوتوون و خاڵ بۆ خاڵ چاودێری دەکەن، هەربۆیە داوامان کردووە هەماهەنگی بکەین سوود لە ئەزموون و تواناکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان وەربگرین.
عامر نەریمان هۆشداریشی بە شوفێراندا و ڕایگەیاند، "لەمڕۆوە، هەر شوفێرێک سەرپێچیی خێرایی بکات و لە سنووری دیاریکراو زیاتر بڕوات، سزای 200 هەزار دیناری بەسەردا دەسەپێنرێت."
ئەو شوێنانەی کە کامێرای تیژڕۆییان لێ دادەنرێت بریتین لە:
-ڕێگای بازنەیی کەرکووک
-ڕێگای فڕۆکەخانە
-ڕێگای کەرکووک - تکریت - ڕەشاد
-ڕێگای کەرکووک - بەغدا
-ڕێگای کەرکووک - هەولێر
-ڕێگای کەرکووک - سلێمانی
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکووک جەختیشی کردەوە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئۆتۆمبێلی تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا ناکرێت و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
باسی لەوەشکرد، ئەوەندەی شۆفێر لە گیرفانی دەترسێت، ئەوەندە لەسەر سەلامەتی و بەرژەوەندیی خۆی ناترسێت. لەبەرئەوەی کامێرا هەبێت، پۆلیسی هاتووچۆ هەبێت، ئەو کاتە پابەند دەبێت، بەڵام ئەگەر نەبێت، پابەند نابێت.
دانانی کامێرای تیژڕۆیی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا، بۆیە حکومەتی عێراقیش هەمان هەنگاوی لە شارەکانی دیکەدا ناوە.