ئومێد خۆشناو: بازاڕی سپی له ههولێر بەشێوەیەکی مۆدێرن دروست کراوە

بە گوژمەی 14 ملیار و 412 ملیۆن دینار، بازاڕی سپی لەسەر شەقامی 120مەتری لە هەولێر دروست کرا و ئەمڕۆ بە فەرمی کرایەوە.
سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کردنەوەی بازاڕی سپی لە هەولێر سوودێکی زۆر بە کاسبکاران و دووکانداران دەگەیەنێت و 720 دووکاندار سوودمەند دەبن لەو بازاڕە.
ئاماژەی بەوە دا، بە دیزاینێکی مۆدێرن و هاوچەرخ ئەم بازاڕە دروست کراوە و هەوڵ درا دروستکردنی ئەم بازاڕە کەمترین نرخ لەسەر دووکانداران دابنێت و گوژمەی دروستکردنیشی 14 ملیار و 412 ملیۆن دینارە.
ئومێد خۆشناو هەروەها داوای لە دووکانداران کرد، خاوێنی نێو بازاڕەکە زێدەڕۆیی تێدا نەکرێت. هاوکات باسی لەوە کرد، تەواوی مەرجەکانی بەرگریی شارستانیی تێدایە، بەڵام پێویستە دووکاندارانی ئەم بازاڕە پابەندیی مەرج و ڕێککارەکان بن.ههروهها ئهم بازاڕه چەندین خزمەتگوزاری دیکەی باشی تێدایە.
بازاڕی سپی کەوتووەتەوە سەر شەقامی 120مەتری لە هەولێر و ئەم بازاڕە هاوچەرخە هەموو بابەتەکانی سیکورتی، ئاو و ئاوەڕۆ، ئاگرکوژێنەوە، مزگەوت، گەراج، شەقام و سەوزایی و چهندین بابەتی دیکەی خزمەتگوزاریی گشتیی تێدا فەراهەم کراوە.