گوهدار شێخۆ: کەرتی تەندروستی لە زاخۆ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆییەوە بینیوە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، کەرتی تەندروستی لە زاخۆ پێشکەوتنێکی بەرچاویان بە خۆییەوە بینیوە و هیچ کەمتەرخەمییەکیان تێدا نییە، دەشڵێت: نەخۆشخانە گشتییەکان ئێستا لە ئاست نەخۆشخانە تایبەتەکانن.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنی ئیدارەکەوە گرنگییەکی تایبەتیان بە کەرتی تەندروستی داوە و ئێستا نەخۆشخانەکانیان لە ئاستێکی بەرزدان.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: ئێستا ئەگەر سەیری نەخۆشخانەی فریاکەوتن و نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ بکەن، لە ڕووی پێشکەوتنەوە هیچ کەمتەرخەمییەکیان تێدا نییە و لە ئاستی نەخۆشخانەکانی دیکە و بگرە نەخۆشخانە تایبەتەکانی کوردستانیش کەمتر نین.
گوهدار شێخۆ جەختیشی کردەوە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە هەموو بوارەکاندا هەنگاوی باشی ناوە و گوتی: سوپاس بۆ خودا و بۆ سەرۆکی حکوومەت و تەواوی ستافی ئیدارە و فەرمانگەکان، هەروەها خەڵکی دڵسۆز و پێشمەرگە و قارەمانانی ئەم شارە کە هەمووان هاوکار بوون بۆ ئەوەی زاخۆ بگەیەنینە ئەم ئاستەی کە ئێستا هەموومان شانازیی پێوە دەکەین.
