بۆچوونی شارەزایان و مامۆستایانی زانکۆ لەبارەی شێوازی کارکردنی کوردستان24

پێنج ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشی کوردستان24 تێپەڕبوو

K24 - هەولێر

پێنج ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشی کوردستان24 تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا بە ستایلێکی تایبەت بە خۆی، بەبێ وروژاندن و نانەوەی پشێوی، کاری کردووە و هەوڵیداوە زۆرترین زانیاری بگەیەنێتە وەرگر، لە هەمان کاتدا کێشەکانی هاووڵاتییان بە دەسەڵات بگەیەنێت بۆ ئەوەی چارەسەربکرێن.

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ، لە گەشتە جیاوازەکانی هەواڵ بەشدار بوون، باسیان لە شێوازی کارکردنی کوردستان24 کرد لەڕووی چۆنییەتی کارکردن و ئەزموونیان لەگەڵ ئەو کەناڵە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو.

رەوان نهێلی: کوردستان24 توانی زۆربەی ئەو کێشانە باس بکات، کە تائێستا باس نەکراون

رەوان نهێلی، مامۆستای زانکۆ لە ستودیۆی کوردستان 24ـەوە لە دهۆک گوتی "لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا، کوردستان24 توانیویەتی باسی زۆربەی ئەو کێشانە بکات، کە تاوەکو ئێستا لە میدیای کوردی باس نەکراون".

هەروەها دەڵێ "لە پرسی نیشتمانیدا، کوردستان24 بووەتە سیمبوول لە هەرێمی کوردستان... رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پرسە نیشتمانییەکان و دەنگ و رەنگی پێشمەرگەشی گواستەوە جیهان".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی باسی لەوە کرد کوردستان24 لەڕێگەی هەواڵ و بەدواداچوونەکانی، توانیویەتی بەرچاوڕوونییەکیش بێت بۆ کابینەی نۆیەم، لە بەر ئەو هۆکارانەش "توانیویەتی ببێتە تاکە کەناڵی نوخبەی هەرێمی کوردستان".

دکتۆر نەزاکەت حەمەسەعید: کوردستان24 بۆشاییەکەی میدیای کوردی پڕبکاتەوە

دکتۆر نەزاکەت حەمەسەعید، کە مامۆستای بەشی راگەیاندنە لە زانکۆی سلێمانی و لە بەریتانیا ماستەر و دکتۆری لەبواری راگەیاندن بەدەستهێناوە دەڵێ "ئەوەی لە کەناڵی کوردستان24 دەیبینم ئەوەیە؛ لەم هەرێمەدا ژمارەیەکی زۆر کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆییمان هەبوون، بەڵام بۆشاییەکمان هەبوو! کەناڵێکمان دەویست بەلای پرسە نیشتمانییەکاندا بڕوات، بۆیە کەناڵی کوردستان24 هاتووە بە مۆدێلیک بە نەرمی و پرۆفێشناڵی جێگەی خۆی بکاتەوە و ئەو بۆشایە پڕبکاتەوە کە لە میدیای کوردیدا هەبوو".

خاڵی سەرکەوتنی کوردستان24 بەگوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەیە "کوردستان24 بەشێوەیەکی نەرم ئیش لەسەر وەرگرێک دەکات کە بە بیرێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی بیربکاتەوە... ئەگەر کوردستان24 بەو ستایلە بەردەوام بێت، کاریگەریی زیاتر لەم هەرێمەدا دەچەسپێنێت".

 

مامۆستا ئەکەد موراد: کوردستان24 توانیویەتی دەنگ و رەنگی نەتەوەکان نیشانبدات

مامۆستا ئەکەد موراد، جێگری سەرۆکی ئەدیب و نووسەرانی سریان لە ستودیۆی هەولێری کوردستان24 میوان بوو و باسی لە پێکەوەژیان لە کوردستان و کارکردنی کوردستان24 کرد بۆ نیشاندانی ئەو پێکەوەژیانە.

مامۆستا ئەکەد دەڵێ "لە کوردستان ئارامییەک هەیە بە دڵنیاییەوە، ئەگەر بەراورد لەنێوان کوردستان و شارەکانی دیکە بکەین، دەبینین پێکەوەژیان لە کوردستان لە ئاستێکی باشە و هیوادارین هەروا بەردەوام بێت... ئەم کەناڵە جێگایەکی فراوان و گرنگی لە راگەیاندنی کوردستان هەیە، کە گەیشتووەتە هەموو شوێنێک، لە دەرەوەی وڵاتیش زۆر بینەری هەیە... لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی هەرشتێک پەیوەندی بە ژیانی کوردستان و نەتەوەکانیشەوە هەیە، بگەیەنێتە ناوە و دەرەوەی وڵات".

 

ئاسۆ عەبدوللـەتیف: کوردستان24 بۆ رۆژنامەگەریی کوردی گرنگ بوو

ئاسۆ عەبدوللـەتیف، نووسەر و رۆژنامەنووس لە سلێمانییەوە میوانی کوردستان24 بوو، باسی لەوە کرد ئەگەر وەکو رۆژنامەنووسێک پێناسەی کوردستان24 بکات ئەوا دەڵێ "دەزگایەکی خاوەنی رووئیا و ناسنامە و شووناسی میدیاییە، کە میدیایەکی بێ دەوڵەتە. بەدرێژایی ئەو تەمەنە کورتەی لە کاری راپۆرت و رۆژنامەگەری کە لە ماوەی رابردوو کردوویەتی، توانیویەتی هاوشێوەی میدیا زەبەلاحەکانی وڵاتانی دراوسی بێت".

باسی لەوەش کرد "ئەم دەزگایە لەسەر رووکەشی هەواڵ و رووداوەکان کاری نەکردووە، بەڵکو کردوونی بە پرەنسیپ. کوردستان24 هەروەها توانیویەتی پەیوەندییەکی فراوان دروست بکات لەنێوان کۆی پێکهاتەکان بە دید و حیزبە جیاوازەکانیشەوە".

 

شارەزایانی بواری میدیا: کوردستان24 بە گوێرەی پره‌نسیپی به‌رپرسیاریه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی مامەڵە دەکات