دەزگای ئاڤێستا بۆ جاری دووەم خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی پێبەخشرا

ئاڤێستا بووە یەکەم دەزگای چاپ لە جیهاندا کە دوو جار خەڵاتی نێودەوڵەتیی 'ئازادیی بڵاوکردنەوە'ـی ئەمریکا بباتەوە

یەکێتیی بڵاوکەرەوەکانی ئەمریکا (AAP) لە شاری نیویۆرک، خەڵاتی نێودەوڵەتیی "ئازادیی بڵاوکردنەوەی" ساڵی 2026ـی بەخشییە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڤێستا لە باکووری کوردستان. بەمەش ئاڤێستا بووە یەکەمین دەزگای چاپ لەسەر ئاستی جیهان کە دوو جار ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە بباتەوە، وەک رێزلێنانێک بۆ 30 ساڵ لە خۆڕاگری بەرامبەر سانسۆر، هەڕەشە و داخران لە پێناو پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکێتیی بڵاوکەرەوەکانی ئەمریکا (AAP) راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دەزگای ئاڤێستا نموونەیەکی بێوێنەی بوێری و پێداگرییە لە پاراستنی ئازادیی رادەربڕیندا. ماریا پالانتێ، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتییەکە لەوبارەوە دەڵێت: زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر و لە 2005دا بۆ یەکەمجار دانمان بە رۆڵی ئاڤێستادا نا؛ سەرەڕای بەردەوامیی هەڕەشە و تۆقاندن لەو کاتەوە تا ئێستا، پابەندبوونی ئەوان بە بڵاوکردنەوە تەنیا بەهێزتر بووە؛ جەنگی ئازادیی رادەربڕین کۆڵەکەی ئازادییە و هەرگیز کۆتایی نایەت.

لە بەرامبەردا، عەبدوڵڵا کەسکین، دامەزرێنەری دەزگای ئاڤێستا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان گوتی: وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە بۆ جاری دووەم، وزەیەکی گەورە دەبەخشێتە پەیامەکەمان لە برەودان بە ئەدەبیات، لێکۆڵینەوە و کولتووری کوردی، و دەبێتە چرایەک بۆ رووناککردنەوەی رێگەی درێژی بەردەممان.

 

سی ساڵ گەڕان بەدوای کولتوورە ونبووەکاندا

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڤێستا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1995 لە ئیستانبوڵ لەلایەن سۆنگول کەسکین، رووکەن باغدو و عەبدوڵڵا کەسکین دامەزرا. دەزگاکە بە دروشمی "گەڕان بەدوای کولتوورە ونبووەکاندا" و بە چاپکردنی چوار کتێبی ئەدەبیی کوردی دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی داتاکانی ئاڤێستا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، زیاتر لە 900 ناونیشان کتێبی لە چوارچێوەی 50 زنجیرەی جیاوازدا بە زمانەکانی کوردی، تورکی، ئینگلیزی و فەرەنسی چاپ کردووە؛ هەروەها بەرهەمی لە نزیکەی 20 زمانی جیهانییەوە (لەوانە رووسی، عەرەبی، فارسی و گالیسی) وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڤێستا لە زنجیرەی "شاهماراندا" نزیکەی 30 بەرهەمی نووسەرانی ژنی کوردی بڵاوکردووەتەوە؛ هەروەها لە زنجیرەی "کلتووری مێزۆپۆتامیادا" سەرنجی خستووەتە سەر پێکهاتە پەراوێزخراوەکانی وەک سریانی، ئەرمەنی، ئێزدی، عەلەوی و کاکەیی.

دەزگاکە شاکارە کلاسیک و نوێکانی ئەدەبیاتی کوردیی کۆکردووەتەوە؛ لە بەرهەمەکانی جەلادەت بەدرخان، جگەرخوێن و مەحمەد ئوزوونەوە تا بەختیار عەلی؛ لە رێگەی زنجیرەی "کوردۆلۆژی" و فەلسەفەوە "مێتابۆڵ"، بەرهەمی بیرمەندانی وەک هایدیگەر و گادامێری کردووەتە کوردی کە بوونەتە سەرچاوەی وانەوتنەوە لە زانکۆکاندا.

مێژوویەک لە رووبەڕووبوونەوەی دادگا و ئاگر

ئاڤێستا بە یەکێک لەو دەزگایانە دادەنرێت کە زۆرترین باجی سیاسی و دارایی داوە لە پێناو بەردەوامبووندا؛ لە نێوان ساڵانی 1996 تا 2007 لە دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەت (DGM) بۆ نزیکەی 20 کتێبی دەزگاکە دۆسیە کرایەوە و بەشێکیان قەدەخە کران. لە نێوان 2018 بۆ 2025یشدا لە چوارچێوەی یاسای دژەتیرۆر، دادگاکانی تورکیا بڕیاری قەدەخەکردن و دەستبەسەرداگرتنیان بۆ زیاتر لە 20 کتێبی دیکە دەرکرد کە هیچ ناوەڕۆکێکی سیاسییان نەبوو لەوانە کتێبی کچانی کۆبانێ لە نووسینی گەیڵ تسێماک لێمۆن.

لە ساڵی 2016دا، کۆگای سەرەکیی دەزگاکە لە ناوچەی سووری دیاربەکر بە ئەنقەست سووتێنرا و زیاتر لە 3 هەزار بەرگ کتێب لەنێوچوون، ئەمەش بووە هۆی داخرانی کتێبفرۆشییەکەیان لە دیاربەکر.لە ساڵی 2023دا ماڵپەڕی فەرمیی ئاڤێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە تۆمەتی "بانگەشەی تیرۆر" بلۆک کرا

پێگەی ئاڤێستا لای گەنجانی کورد

بەپێی توێژینەوەیەکی مەیدانیی دامەزراوەی راوەست لە باکووری کوردستان لەژێر ناوی تێڕوانینی گەنجانی کورد بۆ زمانی دایک کە لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 30 ساڵ لە پارێزگاکانی دیاربەکر، وان، ئورفا و مێردین ئەنجامدرا، دەزگای ئاڤێستا وەک ناودارترین و باوەڕپێکراوترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لەلای نەوەی نوێی کورد دەستنیشان کرا، کە دواتر بووە سەرچاوەی کەمپەینی نیشتمانیی "زمان هێلانەیە"

 

دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکان و ئاسۆی داهاتوو

پێش ئەم خەڵاتەی ئێستا، ئاڤێستا لە ساڵی 2005 هەمان خەڵاتی ئازادیی بڵاوکردنەوەی لە ئەمریکا وەرگرتبوو، لە 2019 خەڵاتی ئازادیی بیرکردنەوەی یەکێتیی بڵاوکەرەوەکانی تورکیای پێبەخشرا، و لە ساڵی 2020یش وەک کاندیدی فەرمیی خەڵاتی نێودەوڵەتیی "ڤۆڵتێر" دیاری کرا.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێس سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە وێڕای هەوڵەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد، بەڵام بەرپرسانی دەزگای ئاڤێستا ئاماژەیان بەوە کردووە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی کرداری لە هەڵسوکەوتی دەسەڵات و هەڵگرتنی سانسۆر بەدی ناکەن، بەڵام هیوادارن ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ کرانەوە بەڕووی شوناس و زمانی کوردیدا. دەزگای ئاڤێستا ئێستا لە گەڕەکی بەیئۆغلوی ئیستانبوڵ لەسەر کاروانی بڵاوکردنەوەی بەردەوامە.