چین قوبە و دیکۆراتی مزگەوتەکان لادەبات
هەڵمەتێکی دیکەی دژی ئیسلام ئەنجام دەدات
K24- هەولێر:
چین قوبەی و دیکۆراتی تایبەتی مزگەوتەکانی وڵاتەکەی لادەبات و دەیەوێت مزگەوتەکان وەک باڵەخانەیەکی ئاسایی دەربکەون.
رۆژنامەی تێلیگراف ئاشکرایکردووە، ئەم کارەی حکومەتی چین بۆ سەرکپکردنی موسوڵمانەکانە.
یەکێک لە مزگەوتەکان، مزگەوتی نانگوانە لە ینچوان کە دەکاتە پایتەختی هەرێمی نینگزیا، قوبەیەکی گەورەی سەوز و منارەی شێوە ئاڵتوونی هەبوو، حکومەت هەمووی لابردووە.
کریستینا سکۆت، جێگری نێردەی بەریتانیا لە چین، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و باسی لە شێواندنی مزگەوتەکان کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەندێک لە وڵاتانی جیهان رەخنەی ئەوە لە چین دەگرن، هەوڵی لەناوبردنی ئاینی ئیسلام و ئاینەکانی دیکە دەدات، بەوەی کامپی بۆ موسوڵمانان کردووەتەوە تاوەکو بیروڕایان لەبارەی ئاینەکەیان بگۆڕێت.
ساڵی پار، حکومەتی چین بڕیاریدا هەموو کتێبێکی وەرگێڕدراوی ئاینی بخاتە ژێر چاودێرییەوە تاوەکو دڵنیا بێت لەوەی کتێبەکان لەگەڵ پرنسیپەکانی سۆشیالیزم یەکدەگرێتەوە.