دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە باتیفا بەردەوامە
ماوەی هەفتەیەکە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنووری شارۆچکەی باتیفا لە زاخۆ دەستیپێکردووە و بڕیار وایە تاوەکوو 10ی ڕۆژی دیکە نەوت بگاتە سەرجەم ماڵەکان.
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تشرینی یەکەمی 2025، مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ی لە زاخۆ ڕایگەیاند: دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنووری شارۆچکەی باتیفا بۆ ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە %50ی هاووڵاتییان سوودمەند بوونە.
وڵات عادل، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی باتیفا، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ماوەی هەفتەیە نەوتی سپی ماڵان بەردەوامە و بۆ هەر سەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی پێدەدرێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی شاخاوییە بۆیە باتیفا یەکەم شوێنە لەو سنوورە نەوتی لێ دابەشکرابێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بڕی ملیۆنێک نەوتی سپی بۆ ئەو سنوورە دیاریکراوە، بۆ هەر خێزانێک 100 هەزار دینار دیاریکراوە و لە 10 ڕۆژی داهاتوو سەرجەم ماڵەکان نەوتی سپیان پێدەگات و سوودمەند دەبن.
ڕۆژی دووشەممە، 13ی ئۆکتۆبەری 2025، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگای لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان ڕاگەیاند، بۆ زستانی ئەم ساڵە (2025 -2026) کە بۆ هەر خێزانێک بڕی ( 200) لیتر نەوت دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، وەک هەنگاوی یەکەم دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) و ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان و زاخۆ ) دەست پێدەکات.
