دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانانی وێستگەی سیستەمی ئاودان بۆ دارستانی قەزای خەبات کرا
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانانی وێستگەی سیستەمی ئاودان بۆ دارستانی قەزای خەبات کراوە وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا.
هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ژێرزەوی و نەبوونی ئاوی پێویست و سیستمی ئاودان، بەشێکی زۆری دارەکانی دارستانی قەزایی خەبات بەرەو وشکبوون چوون.
وەک پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی دارستانەکە و لە پێناو بوژاندنەوەی لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی هەموو کوردستان، دەستکرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەیەکی تایبەت بە سیستەمی ڕاکێشانی ئاو لەزێی گەورە بۆ دارستانەکە لەسەر پڕۆژەی ئاودێری خەبات بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر.
دارستانی قەزای خەبات لە پەنجایەكانی سەدەی ڕابردوو، لەسەر زیاتر لە 400 دۆنم زەوی دروستکراوە و پێشتر هاووڵاتییان وەك ناوچەیەكی گەشتیاریی سوودیان لێی وەردەگرت.
