ئیسرائیل متمانەی بە هێزی نێودەوڵەتی نییە تونێلەکانی حەماس لەنێو ببات
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "هائارتز"ی ئیسرائیلی کە بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای سەربازی ئیسرائیل گومانیان هەیە لە کاریگەریی هێزی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی تۆڕی تونێلەکانی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ڕایگەیاند، بەرپرسە سەربازییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە لەناوبردنی ئەو تونێلانەی دوای شەڕ دەمێننەوە، پێویستی بە هێزێکی ئەندازیاریی نێودەوڵەتیی پرۆفیشناڵ و تایبەتمەند هەیە. سوپای ئیسرائیل پێشتر چەندان ڕێگەی تاقیکردووەتەوە بۆ لەناوبردنی تونێلەکان، لەوانە هێرشی ئاسمانی، هێرشی زەمینی، تەقاندنەوە، و تەنانەت بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ پڕکردنیان. سەرەڕای ئەم هەوڵانە، بەشێکی زۆری تونێلەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
لای خۆیەوە فەرماندەیی سەربازی ئیسرائیل چەند پێشنیازێکی بۆ ڕۆژنامەکە ئاشکراکرد، لەوانە، پێشنیازی کردووە حکوومەتی ئیسرائیل هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ هێڵێکی ستراتیژی ڕێگە بدات بە پاراستنی شارۆچکە ئیسرائیلییەکانی نزیک سنووری غەززە، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی کشانەوەی زیاتری سوپا لەوەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا هاتووە.
هەروەها داوای کردووە ڕێگری بکرێت لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی غەززە بۆ یان ناوچە سنوورییەکان کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنی سوپادا دەمێننەوە، تاوەکو لە پێکدادانی چاوەڕواننەکراو بەدوور بن.
ڕۆژنامەی هائارتز ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆڵی سوپای ئیسرائیل لە قۆناغی دووەمی پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ناڕوونە.
پلانەکەی ترەمپ لە ئەیلوولی ئەمساڵ خرایەڕوو، بریتییە لە پێکهێنان و جێگیرکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە. ئەرکی ئەم هێزە بریتی دەبێت لە:
دابینکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی هێزەکانی ئیسرائیل لێی دەکشێنەوە.
ڕێگریکردن لە کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ ناو کەرتی غەززە.
ئاسانکاریکردن بۆ دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان.
مەشق و ڕاهێنان بە هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینی.
