ترەمپ: نامەوێت لەگەڵ ڕووسیا کات بە فیڕۆ بدەم

ترەمپ: دەتوانین لەگەڵ چین بگەینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر

سەرۆکی ئەمەریکا، لە نوێترین لێدوانیدا گەشبینیی خۆی سەبارەت بە گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە ئاشتی لە ناوچەکە بەدی دەهێنن؛ هاوکات لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو سەرۆکی چین و ڕووسیا گوتی: نامەوێت لەگەڵ ڕووسیا کات بە فیڕۆ بدەم، بەڵام لەگەڵ باوه‌ڕم وایه‌ لەگەڵ چین بگەینه‌ ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە نێو فڕۆکەكه‌ی لە کاتی گەشتکردن بۆ ئاسیا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و سەبارەت بە ڕێککەوتنی غەززە، گوتی: پێم وایە ڕێککەوتنی غەززە بەردەوام دەبێت. دووپاتیشی کردەوە، دەبێت ئاشتی لە ناوچەکە بەردەوام بێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کاتی ئامادەبوونی هێزی سەقامگیر لە کەرتی غەززە، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەم زووانە دەبێت، هاوکات ئاشکرای کرد، قەتەر ئامادەیی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا و گوتی: "ئەگەر پێویست بکات، قەتەر هێزی ئاشتیپارێز دەنێرێت بۆ کەرتی غەززە".

هاوکات لە لایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی هیزی سەقامگیر باسی لەوە کردووە، بەشێکی زۆر وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریی کردن لەو هێزە چ بەشێوەی ماددی یان سەربازی بێت پیشان داوە، بەڵام بەر لە هەر شتێک پێوست بە ڕەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو دڵنیا نەبێت لەوەی دەگاتە ڕێککەوتنی ئاشتی، هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ناکات و نایەوێت کات بە فیڕۆ بدات.

سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ سەرۆکی چین، پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ شی جین پینگ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی بازرگانیی توندی نێوانیان بگاتە "ڕێککەوتنێکی گشتگیر".

ئەمەش لە کاتێکدایە، فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (Air Force One)، بەمەبەستی پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکەکە کە بەرەو ئاسیا بەڕێدەکەوت لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر نیشتەوە. هاوکات لە کاتی نیشتنەوەکەدا، ترەمپ لەگەڵ هەر یەک لە  شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی ئه‌و وڵاته‌ کۆبووەوە.