شارەوانی هەولێر 100 دۆنم زەویی دیکە دەکاتە پارک
سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەڵێت: هەڵمەتی تیمەکانی شارەوانی بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە سنووری شارەوانییەکانی بەردەوامە و لە پلانیاندایە ڕووبەری 100 دۆنم زەویی دیکە بکەنە پارک.
لەمبارەوە کارزان هادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە درێژەی هەڵمەتی تیمەکانی شارەوانی بۆ زیادکردنی سەوزایی لە هەولێر، لە ناوەندی شار بە درێژایی شەقامی بازاڕی داون تاون تاوەکوو بازاڕی نیشتیمانی 100 بنەدار لە جۆری سیسەم چاندراوە، کە لەگەڵ ژینگە و کەش و هەوای شارەکە دەگونجێن. هاوکات پەرژینی قەفەزیشیان بۆ پاراستنی دارەکان دروستکردووە، بۆ ئەوەی لە شکان و شێواندن پارێزراو بن.
گوتیشی: جگە لەم هەڵمەتە، کارکردن لە 100 دۆنم زەویی دیکە بەردەوامە بۆ ئەوەی بکرێن بە پارک، کە بە تەواوبوونی هەڵمەتەکە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی دەورەی هەولێر، رێژەی سەوزایی 5% زیاد دەبێت.
کارزان عەبدولهادی گوتیشی:کاسبکاران و دوکاندارەکانی بازاڕ ئاگادار کراونەتەوە دارەکان بپارێزن، هەرکەسێک زیان بە دارەکان بگەیەنێت ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
کارزان عەبدولهادی راشیگەیاند: سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر خاوەنی نەمامگەی تایبەتی خۆیەتی، بۆیە ڕۆژانە هەڵمەتی چاندنی دار بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە سنووری هەر شەش شارەوانییەکانی هەولێر بەردەوام دەبێت.
لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، لە سنووری بەحرکە دەست بە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ملیۆنان داری فستق و زەیتوون لە دەوروبەری هەولێری پایتەخت كرا.
ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی خۆڵبارین، ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی. لە قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆژەیەدا، کە ڕووبەرەکەی 13 هەزار دۆنمە، تەنیا داری زەیتوون و فستق دەچێنرێن. بە گشتی لەهەموو قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیەدا، حەوت ملیۆن دار دەچێنرێت.
پشتێنەی سەوزایی یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی پاک ڕاگرتنی ژینگەی هەولێر و بە تەواوبوونی پرۆژەکە، ڕێژەی سەوزایی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەگاتە 25%، کە ئاستی ستانداردی جیهانییە بۆ رێژەی سەوزایی شار.
