جیاوازی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق
لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، 564 پڕۆژەی جۆراوجۆر بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار دۆلار لە کەرتی وەبەرهێناندا جێبەجێ کراون و پرۆسەکەش بەردەوامە. بەڵام لە بەرامبەردا، بازاڕی عێراق کە بازاڕێکی گەورەیە بۆ وەبەرهێنان، ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سستە و بەشێکی زۆریان بە ناتەواوی ماونەتەوە.
لە پارێزگاکانی عێراق، ڕێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان زۆر لاوازە و نموونەیەک لەو پڕۆژانە، لە پارێزگای کەربەلایە.
کارکردن لەم پڕۆژەیەدا 11 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی کێشە و گرفتەوە ڕاگیراوە، ئەو هاووڵاتیانەی کە یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە، پەشیمانن و داوای گەڕاندنەوەی پارەکانیان دەکەن، بە گوتەی ئەوان، هیچ شتێک بە ناوی وەبەرهێنانەوە لە پارێزگاکەیاندا بوونی نییە و ئەوەی هەیە تەنیا چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە کە ناتەواون و کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە.
حەسەنێن وەلید، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم پرۆژەیە چەندی کێشەی هەیە و هێشتا تەواو نەکراوە، نە ئاو و ئاوەڕۆ نە کارەبای نییە، ئێمە بەدەست ئەو کێشانەوە گرفتارین.
عەلی خالید، هاووڵاتی گوتی: هیچ وەبەرهێنەرێکی بیانی لە کەربەلا نییە، تەنیا هەندێک سەرمایەداری پەیوەست بە سیاسەتمەداران لە پارێزگاکانی بەغدا و کەربەلا با ئارەزووی خۆیان تەندەری پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەدەن.
بەگوێرەی ئامارەکان، ڕێژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای کەربەلا تەنیا 3%ـە و 74 پڕۆژەی وەبەرهێنان لەم پارێزگایەدا بە نیوەچڵی ماونەتەوە و ڕاگیراون.
ئێمە لای گەورەترین وەبەرهێنەری ئەم پارێزگایەین، ئەو هۆکارەکانی لاوازیی وەبەرهێنان و کەمیی هاتنی وەبەرهێنەری بیانی بۆ پارێزگاکە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، ڕۆتین، دەستێوەردان، خراپیی سیستمی بانکی و ئاڵۆزیی یاساکان.
حازم ئەلخەزاف، وەبەرهێنەر گوتی: ئێمە کێشەی زۆرمان لەوەبەرهێنان هەیە، کە ئەوە کێشانە لە کوردستان نیە، هەروەها پشتیوانی دارایی بۆ وەبەرهێنان زۆر کەمە.
لە پارێزگای کەربەلا ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوی هەیە، بەڵام بەهۆی لاوازیی کەرتی وەبەرهێنانەوە، زۆربەی زەوییەکان بە بەتاڵی ماونەتەوە و جووڵەی ئاوەدانکردنەوەش تێیدا زۆر سست بووە. هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران، کەمتەرخەمیی حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکە بە هۆکاری سەرەکیی پشتگوێخستنی ئەم کەرتە گرنگە دەزانن، لە کاتێکدا کە ئەم کەرتە لە هەرێمی کوردستان بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەڵێت: تەنیا کابینەی نۆیەم لە 47%ـی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی جێبەجێکردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە ئەو ڕێکارانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویەتە بەر هەر لە ئاسانکاریی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە زاخۆ تا هەڵەبجە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کردنەوەی بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فراوانکردنی ڕووبەری وەبەرهێنان کاریگەریی زۆری هەبووە، لەهەمووشی گرنگتر بەدوداچوونی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیرانە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان.
لە ساڵی 2006ەوە تاوەکوو 2025، مۆڵەتی وەبەرھێنان بە 1540 پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان دراوە، کە 700 یان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بوون، کە دەکاتە نزیکەی 45.5%ـی کۆی پڕۆژەکان.
ھاوکات بواری پیشەسازی و بیناسازیش کاری لە پێشینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. ئێستا شیش، چیمەنتۆ و ھەموو ئەو بەرھەمە سەرەتاییانەی کە لە بواری بیناسازی سوودی لێ وەردەگیرێت لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن.
