پۆلیسی هەولێر لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو ڕوونکردنەوەی دا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، تیمەکەیان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، کەسێکیان بەتۆمەتی کوشتن دەستگیر کرد.
ئەمرۆ دووشەممە، 27ـی ئۆکتۆبەری 2025، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە ڕووداوێکی كوشتن له ناوبازاڕی شاری هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکدا هاتووە؛ پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونێکی چڕ، دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان، کە بکوژ دانی پێدا ناوە، گوایە کەسی کوژراو مۆبایلی بکوژی هاک کردووە و کۆمەڵێک وێنەی بردووە، بۆیە شەوی ڕابردوو بکوژ بە ناوی (آ. ھ. ح) بە چەکێکی جۆری دەمانچە هاوڕێکەی بە ناوی (ی. د. ع) دەکوژێت، بەڵام لە هەمان کاتی ڕووداوەکەدا تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتباری بکوژیان دەستگیر کرد و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
