وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئیدانەی هێرشەکەی پەکەکە دەکات

پاڵپشتی بۆ حکومەتی هەرێمی دووپات دەکاتەوە

 K24- هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئیدانەی هێرشەکانی پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان كرد.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی رێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی سەرۆک وەزیران کازمی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنڕکردنی تیرۆریزم".

لە بەشێکی راگەیەندراوەکە، وه‌زاره‌تی دەرەوەی ئەمەریکا هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانی قوربانیانی هێرشەکە دەربڕیوه‌.

رۆژی چوارشەممە 4/11/2020، چەكدارانی پەكەكە لە نزیك ناحیەی چەمانكێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی پەلاماری ھێزی پێشمەرگەی كوردستانیاندا، لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەك شەھید بوو، ژمارەیەك پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.