جیاوازییەکی گەورە؛ کوردستان نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی مین، عێراقیش لە قۆناغی سەرەتاییدایە
هەوڵەکان بۆ پاککردنەوەی زەوییە بە مین داچێنراوەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن و پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بە تایبەت مووسڵ، مەترسییەکان بەردەوامن و هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکەن.
هەرێمی کوردستان: پێشکەوتنی بەرچاو لە پاککردنەوەی مین
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ پاککردنەوەی زەوییەکانی لە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە. تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر، یەک ملیۆن و 699 هەزار مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە. ئەمساڵیش، 1476 مینی جۆراوجۆر و 22 هەزار و 821 تەقەمەنی نەتەقاوە لە ناو براون.
عەلی عەبدول ڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، ئەم زەوییە پاککراوانە خراونەتە خزمەتی کەرتی گەشتیاری، نیشتەجێبوون و کشتوکاڵی. تیمەکانی مین پاککردنەوە نۆ کێڵگەی مینیان لە سنووری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاککردووەتەوە.
لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە کۆی 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی بە مین داچێنراو، 551 کیلۆمەتری چوارگۆشە (کە دەکاتە نزیکەی 60%) بە تەواوی پاک کراوەتەوە و تەنیا 40%ی ماوەتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی پاککردنەوەی خاکەکەی دەکات لە مین و تەقەمەنی.
مووسڵ: مەترسییەکی بەردەوام لە پاشماوەی جەنگ
هەشت ساڵ دوای ئازادکردنی شاری مووسڵ لە دەستی داعش لە ساڵی 2017، شارەکە هێشتا بە تەواوی لە پاشماوەی جەنگ و مین پاک نەکراوەتەوە. ئەم دۆخە مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.
سەلیمە یاسر، هاووڵاتییەکی دانیشتووی مووسڵ، نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: "دوای زیاتر لە حەوت ساڵ ئەمە حاڵی ئێمەیە، وەک دەبینن ئێرە پڕە لە پاشماوەی شەڕ، هیچ کەسێک نییە پاکی بکاتەوە. منداڵەکانمان لێرە یاری دەکەن و هەموو کاتێک گیانیان لە مەترسیدایە."
حەمەد عەلاوی، هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە، ئاماژەی بەوە دا، بۆردوومانی فڕۆکە و تانک خانووەکانی وێران کردووە و پێی وایە تا 20 ساڵی دیکە ئەو پاشماوانە لەوێ دەمێننەوە، چونکە هیچ لایەنێک بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچووە.
لە کاتی شەڕی داعشدا، زۆربەی خانووەکانی مووسڵ بۆمبڕێژ کرابوون. هەرچەندە ژمارەیەکی زۆریان پاککراونەتەوە، بەڵام بەشێکی شارەکە هێشتا پڕە لە مەترسی مین و تەقەمەنی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەهێشتنی مین و تەقەمەنی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، مووسڵ پێویستی بە زیاتر لە 10 ساڵی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە پاشماوەی شەڕ و مین پاک بکرێتەوە.
