پزیشکیان: بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی دەکەین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی دەکات. 

یەکشەممە، 02 تشرینی دووەم، 2025، سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی پیشانگەی داهێنانەکانی زانایانی ئەتۆمیی لە ڕێکخراوی ئەتۆمیی ئێرانی کرد و جەختی لەوە کردەوە "ئێران ئەمڕۆ لە بواری پیشەسازیی ئەتۆمی، بە تایبەتی دەرمانسازیی ئەتۆمیی، پێگەیەکی جیهانیی پێشکەوتووی هەیە."

پزیشکیان، گوتی: زلهێزانی دنیا هەوڵ دەدەن ڕێگە بە وڵاتانی سەربەخۆی وەکوو ئێران، نەدەن دەستیان بە پیشەسازیی دەرمانیی ئەتۆمی بگات، بۆ ئەوەی خۆیان ئەو بەرهەمانە بە نرخی گران بە نەتەوە ژێردەستە و هەژارەکان بفرۆشن.

سەرۆک کۆماری ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زۆر پێویستە ئێران پەرە بەم پیشەسازییە مۆدێرن و گرنگە بدات، بەڵام دەبێت بە کوالیتی و جۆرێکی باش و گونجاو دروست بکرێت. ئێستا زانایانی ئێمە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی باری گوزەرانیاندا، دەستکەوتی گەورە و گرنگیان بەدەست هێناوە. 

پزیشکیان، جەختی لەوە کردەوە "هەوڵەکانی ئێمە بۆ پێشخستنی پیشەسازیی ئەتۆمی تەنیا لە بواری دەرمانسازیی و ژینگە و کارەبا و خزمەتگوزارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکاندایە. هەمیشەش گوتوومانە ئێمە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادەین؛ بەڵام دوژمنان بە بانگەشەی ناڕاست دەیانەوێت ڕێگە لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران بگرن."

سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیی لە پێشخستن و گەشەپێدانی پیشەسازیی ئەتۆمیی دەکات. بە هەوڵ و تێکۆشانی زانایان و دارشتنی بەرنامەی ورد، دەتوانین ببینە هاوبەشێکی دیاری ئەم بازاڕە جیهانییە. چونکە داهاتووی وڵاتەکەمان پابەندی پێشکەوتنی زانستیی سەردەمە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment