پۆلیسی هەولێر: بۆ هەڵبژاردن لەوپەڕی ئامادەباشیداین

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر پلانی ئەمنیی خۆی بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی پرۆسەکە ڕاگەیاند. هێزێکی زۆری ئەمنیی لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و سەلامەتی هاووڵاتیان.

لەم بارەیەوە، موقەدەم کفاح حەسەن ئیسماعيل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 لە ڕۆژی یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، وردەکاریی پلانە ئەمنییەکانی خستەڕوو.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "وەکو پۆلیس ئێمە ڕۆژانە پلانی ئەمنیمان هەیە، بەڵام لە ڕۆژانی هەڵبژاردندا پلانەکان دەگۆڕێن و تایبەت دەبن بە ڕۆژانی هەڵبژاردن." ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی کەشێکی ئارام و دوور لە هەر جۆرە گرژی و ئاڵۆزییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگداندا.

سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی هێزەکان، کفاح حەسەن ئاماژەی بەوەدا، هێزە ئەمنییەکان لەو قوتابخانانەدا جێگیر دەکرێن کە وەک بنکەی دەنگدان دیاریکراون. " هەروەها گوتیشی: لە ڕۆژی پێنجشەممەوە کە دەکاتە 6ـی تشرینی دووەم، ئێمە هێزەکانمان لە هەموو قوتابخانەیەک بڵاوە پێ دەکەین".

ژمارەی هێزەکان لە هەر بنکەیەکدا بەپێی پێویستی و قەرەباڵغی بنکەکە دەگۆڕێت. "داتایەکی تایبەتمان نییە بە بڵاوە پێکردنەوەی هێزەکانمان، چونکە کەم و زیاد دەکات بە گوێرەی قوتابخانەکان. قوتابخانە هەیە لۆدی زیاتر لەسەرە، لەوێ هێز زیاد دەکەین و هەشە پێویست ناکات، بەگوێرەی پێویست هێز دادەنرێت،" گوتەبێژی پۆلیس وا دەڵێت.

ڕاشیگەیاند، جگە لە هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆیی، هێزەکانی فریاکەوتن لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر بارودۆخێکی لەناکاو.

لە چوارچێوەی ڕێکارە ئەمنییەکاندا، بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆ لەنێوان شارەکاندا دەرچووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، "لە 5ـی تشرینی دووەمەوە هاتوچۆ لەنێوان شارەکان ڕادەگیرێت، تاکوو 13ـی تشرینی دووەم."، بەڵام سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستان، کفاح حەسەن ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەم بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە.

ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت هاووڵاتیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن، و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆیان لە ئەولەویەتی کاری هێزە ئەمنییەکاندا دەبێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment