بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران ئامادهكارییهكانی بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن تهواو كرد
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بە مهبهستی باشتر ئامادەکردنی پۆلیسەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژی هەڵبژاردن، سیمینارێکی بۆ کارمەندانی ڕێكخست.
شەماڵ دێواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سیمینارەکە لەلایەن دڵشاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆمەڵگەیی سۆران پێشکەش بە زیاتر لە 100 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران کراوە.
ئاماژهی بهوهش كرد: لە سیمینارەکەدا شێوازەکانی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پۆلیس و چۆنیەتی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان، سندووقەکانی دەنگ و کارمەندانی کۆمیسیۆن و هاووڵاتییان لەگەڵ بەدیهێنانی کەشێکی ئەمنی لەبار بۆ کارمەندانی پۆلیسی سۆران ڕوون کراوەتەوە.
گوتیشی: هێزەکانی پۆلیس ههموو ڕۆژەکانی ساڵ لە ئەرکدان، بەڵام هەندێک ڕۆژی وەک ڕۆژی هەڵبژاردن تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە بەرکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییاندا هەیە و پێویستیان بە وردی و پشوودرێژی زیاترە تاوەکوو بە پێدانی ڕێنمایی و هاوکارییەکانیان ئاسانکاری تەواو بۆ هاووڵاتییان بکەن لە پرۆسەی دەنگداندا، هەروەها ڕێگری لە پیشێلکردنی یاسا بکەن و بنکەکانی دەنگدان و هاوڵاتیان لە ڕووداوی نەخوازراو بپارێزن.
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران باسی لهوهش كرد: هەمان ئەو ژمارانەی پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە ڕاگەینراون لە ڕۆژی هەڵبژاردنیشدا بەردەست دەبن و لە هەر کاتێکدا هاووڵاتیان پێویستیان بوو، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنانەوە پەیوەندی بە پۆلیسی سۆرانەوە بکەن.
بەڕێوەرایەتی پۆلیسی سۆران 4 ژمارە تەلەفۆنی تایبەتی هەیە بۆ خەڵکی سۆران، ئهوانیش (104، 124، 134، 144)، کە دەتوانن بێ بەرانبەر لە هەر کاتێکی پێویستی شەو و ڕۆژدا پەیوەندیان پێوە بکەن.
کارمەندانی پۆلیس لە ڕۆژی دەنگداندا لە ئەرکدا دەبن، بۆیە ئەوان لە ڕۆژێکدا کە بە رۆژی دەنگدانی تایبەت ناسراوە، دەچنە سەر سندووقەکان و دەنگ دەدەن، دەنگدانی تایبەت ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک بەر لە دەنگدانی گشتی بەڕێوە دەچێت.