سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەكی پێشمەرگەی کرد و ستایشی خۆڕاگریی و قوربانیدانی کردن و  بەریگریکار و پارێزەری هەمیشەیی کوردستانی وەسفکردن.

ئه‌مڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی (فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەك)ی پێشمەرگەی لە حاجی ئۆمەران کرد و لەلایەن فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەییەکە پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی حکوومەت ستایشی خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگەی کرد کە هەمیشە بەرگریکار و پارێزەری دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستانن.

سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لای پێشمەرگەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەكی پێشمەرگە، دوای کردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران بوو، کە لە کاتی کردنەوەی پرۆژەکە لە گوتارێکدا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانیکردنی دەڤەری حاجی ئۆمەران دەربڕی و گوتی: سەردەمێک حاجی ئۆمەران پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو و شوێنەواری بارزانیی نەمر بووە".

هەر لە گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و گوتی: "دەڤەری حاجی ئۆمەران شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە، کە ئێستا ئێمە بەرھەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی خەبات و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێمە کوردستانێکی ئازادمان ھەیە."