مەسرور بارزانی: ئێمە خزمەت بە منەت نازانین، بەڵكو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین
ڕۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی جەماوەری پارتیدا بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 275 لە شاری دهۆک، وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا جەختی لەسەر دیدگای پارتی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری کوردستان کردەوە.
خزمەتکردن بە ئەرک و بەرنامەی فراوانکردنی ئابووری
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە منەت یان چاکەیەکی تایبەت نازانێت، بەڵکو بە ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆی دەزانێت، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە خزمەتکردنی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر بەرنامە ئابوورییەکانی حکوومەت و ڕایگەیاند: بەرنامەی زۆر ورد و تۆکمە لە ئارادایە بۆ فراوانکردنی بازاڕ و ژێرخانی ئابووری کوردستان، بەو ئامانجەی کە وڵات چیتر بە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستێت.
دەستکەوتی ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران
لە درێژەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەو کارانە کرد کە بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری کوردستان ئەنجام دراون و بە دیار و بەرچاو ناویبردن، مەسرور بارزانی بە تایبەتی ئاماژەی بە سەرکەوتنی پڕۆژەی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ کرد و گوتی: چیتر جووتیارانی کوردستان پێویست ناکات بەرهەمەکانیان فڕێ بدەن.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی خودای گەورەی کرد کە ئێستا بەرهەمی جووتیارانی کوردستان بە شێوەیەکی باش ساغ دەکرێنەوە،هەروەها وەک بەڵگەیەک بۆ ئەم پێشڤەچوونە، ئاماژەی بە فیستیڤاڵە جەماوەرییە قەرەباڵغەکانی بەرهەمی ناوخۆ کرد کە ئەم ڕاستییە دەردەخەن.
مەسرور بارزانی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە گرنگەکان، کردنەوەی دەرگەی هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی کوردستانە بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بووژاندنەوەی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ.
