مەسرور بارزانی: پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە خەونەوە بووە ڕاستی

ڕۆژی سێشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی لە دهۆک، جەختی لەسەر سەرکەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەتایبەت کەرتی کارەبا کردەوە و بەڵێنی دا کەرتی پیشەسازی و ئاو زیاتر پەرەیان پێبدرێت.

مەسرور بارزانی، کە لە گوتارەکەیدا بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 275ی پارتەکەی قسەی دەکرد، ڕایگەیاند: یەکێک لەو پڕۆژانەی بە خەون دەزاندرا، پڕۆژەی ڕووناکی بوو، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی پارتی، ماندووبوون و پشوودرێژی و پشتیوانی ئێوە، بە زەحمەت و ماندووبوونی گەنجانی پارتی، پڕۆژەی ڕووناکی بووە ڕاستی.

مەسرور بارزانی دەستکەوتی ئێستای کەرتی کارەبای بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد: ئەمڕۆ شاری دهۆک و چەند شارێکی دیکەی کوردستان، خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین، بە پشتیوانی خوای گەورە، ساڵی داهاتوو تەواوی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.

کەرتی ئاو و دروستکردنی بەنداوەکان

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆژەی ئاو و بەنداوەکانیشی بە گرنگ ناوبرد و گوتی: پڕۆژەی ئاو لەگەڵ چەندین بەنداو دروست کران،  بەردەوام دەبین لەسەر دروستکردنی بەنداوەکان و نەهێشتنی قەیرانی ئاو لە هەموو پارێزگاکانی کوردستاندا.

پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و دابینکردنی کار

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی، گرنگیی تایبەتی بە کەرتی پیشەسازی دا و ڕایگەیاند: کەرتی پیشەسازی لەلای ئێمە زۆر گرنگە و پەرەی زیاتری پێ دەدەین، لە بەرنامەی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدات، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی کار بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی بۆ گەنجان.

 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment